زیادبوونی گەشەی موو لە لەشی ئافرەتدا یان موودەردان Hirsutism، واتە گەشەكردنی موو لەو شوێنانەی ئافرەت كا نابێت مووی تێدا بەدی بكرێت، وەكو چەنەگە و سەر لێوی سەرەوە و بناگوێیەكان، یان زیادبوونی گەشەی موو لە هەموو بەشەكانی لەشدا، ئەمەش كاریگەرییەكی دەروونی زۆر دەكاتە سەر ئافرەتەكە. موودەردان زیاتر لەو ئافرەتانەدا روودەدات كە دوچاری فرەكیسی هێلكەدان دەبنەوە PCOS، هۆكاری راستەقینەی موودرەدان دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی رێژەی هۆرمۆنە نێرینەییەكان (ئەندرۆجینەكان Androgens). تێستۆستیرۆن ئەندرۆجینی سەرەكییە، بە بڕێكی كەم لە لەشی ئافرەتدا هەیە، بەڵام زیادبوونی ئەم هۆرمۆنە پتر لە رێژەی ئاسایی خۆی دەبێتە ئەگەری بەرجەستەبوونی سیفاتی نێرینیەیی بەشێوەی زیادبوونی گەشەی موو، قەبەبوونی دەنگ. لە پیاویشدا زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن دەبێتە ئەگەری گرفت لە پرۆستاتدا. هەندێك جاریش موودەردان لەبەر هۆكاری زگماكییەوە روودەدات لە هەندێك خێزاندا، لەو كاتەی كە ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن ئاساییە و هیچ كیسە لە هێلكەدانەكاندا بەدی ناكرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كاردانەوەی رەگی مووەكان بەرانبەر بەو بڕە كەمی تێستۆستیرۆن كە لە لەشی ئافرەتدایە.