ئایا چاویلكەی هەتاوی Sunglasses لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی خۆر دەمانپارێزێت؟ وا نەبێت كە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی تەنیا كاریگەری خراپ بكاتە سەر پێست، بەڵكو كاریگەری دەكاتە سەر پێڵو و چینی كۆرنیا Cornea و هاوێنە و بەشەكانی تری چاو، هەروەها هۆكارێكە بۆ پەیدابوونی ئاوی سپی Cataract. لەكاتی هەڵبژاردنی چاویلكەیەكی دژەهەتاو، بە وردی سەرنج بدە لێبلەكەی و ئەو جۆرە هەڵبژێرە كە بە رێژەی %100-99 رێگە لە تێپەڕبوونی هەر دوو جۆری تیشكی سەرووی وەنەوشەیی UVA و UVB بگرێت. جگە لەمە، خاڵی تر هەیە بۆ هەڵبژاردنی چاویلكەی هەتاوی، بۆ نموونە هاوێنەی رێگڕ لە رەنگی شین Blue-blocking lenses كە وێنە دوورەكان روونتر دەكات بەتایبەتی لە رووناكی كەمدا. هاوێنەی پۆلەرایز Polarized lenses شەوق و رەونەقی رووناكی كەم دەكەنەوە. هاوێنەی فۆتۆكرۆم Photochromic lenses كە رەنگەكەی لەگەڵ رووناكیدا دەگۆڕێت یان تاریك دەبێت بۆ قاوەیی Photobrown یان بۆ رەنگی خۆڵەمێشی Photogrey، بەم شێوەیە وێنەكان سافتر دەبینرێن و شەوقی رووناكیش كەمتر دەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا مەرج نییە كە هەموو چاویلكەكانی لەم جۆرە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بە تەواوی بلۆك بكەن. هاوێنەی بە ئاوێنە داپۆشراو Mirror-coated lenses زیاتر رێگە لە تێپەڕینی تیشكی بینراو دەگرێت.