كە پلەی گەرمی لەش Body temperature بەرز دەبێتەوە لەبەر هەر هۆكارێك، ئەوا چەندین نیشانە لە لەشدا دەردەكەون كە تایبەتن بە خودی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش سەرەڕای نیشانە تایبەتەكانی تایبەت بە هۆكاری یان ئەو نەخۆشییەی كە دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی هەر پلەیەكی گەرمی لەش بە پێوەری سەدی دەبێتە ئەگەری 10جار زیادبوونی لێدانەكانی دڵ. هەروەها سەرئێشە، لەرز Shivering، ئارەقەكردن، ئازاری ماسوڵكەكان، پشت ئێشە، تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی قوڵی خوێن و فراوانبوونی بۆڕییەكانی خوێنی نزیك پێست و سووربوونەوەی پێست، هەستكردن بە بێهێزی گشتی و زوو ماندوبوون، قەبزی، ئەمانە هەموویان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش روودەدەن. پلەی گەرمی لەش لە زۆربەی خەڵكدا بە تێكڕایی لە دەوری 37 پلەی سەدیدا (98.6 پلەی فەهرەنهایت) جێگیرە، ئەمەش گەلێك جار بەرزی و نزمییەكی كەم بەخۆوە دەبینێت بە گوێرەی كەس، كاتەكانی رۆژ و شەو، كەش و هەوا. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بەگشی لە نەخۆشییەكانی هەوكردن بە میكرۆبدا روودەدات.