كام ئاوی خوارنەوە؟

كام ئاوی خوارنەوە؟
ئەگەرچی ئاو هیچ وزە لەخۆناگرێت، بەڵام بەشێكی زۆر گرنگە لە خۆراكماندا، چونكە زەروورە بۆ گەشەو هەموو كردار و فرمانە بایۆلۆژییەكان لە لەشدا. ئاوی بتڵ دوو جۆری هەیە: ئاوی سەروچاوە Spring Water و ئاوی كانزایی Mineral Water. ئاوی سەروچاوە، راستەوخۆ لەسەروچاوەی ئاوەوە وەردەگیرێت. هەر ئاوێكی سەروچاوە دەبێت ستاندەردەكانی پاك و تەمییزی تێدابێت، ئەگینا دەبێ مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا بكرێت بەر لەكۆكردنەوەی. ئاوی كانزایی لە ئاوی ژێرزەویيەوە وەردەگیرێت پاش ئەوەی كە بەسەر بەردەكاندا دەڕوات، بەمەوە رێژەیەكی زۆری كانزایەكان لەخۆدەگرێت. گەلێكجار ئەم ئاوەش جۆرێك مامەڵەكردنی پێویستە بۆ پاككردنەوەی لە خڵت و پیسی. جۆری جیاواز لەئاوی سەروچاوە و ئاوی كانزایی بڕی جیاوازیان لە كانزایەكان تێدایە بەپێی ئەو شوێنانەی كە ئاوەكانیان لێ وەردەگیرێت. حكومەتی بەریتانی ساڵی 1999 فشاری خستە سەر كارگەكانی ئاوی بتڵ كە زانیاری تەواو سەبارەت بە پێكهاتە كانزاییەكانی جۆری ئاوەكە لەسەر بتڵەكاندا بنووسرێت. زۆر كەس ئەم پرسیارە دەكەن كە كامیان باشترە ئاوی ماڵەكان یان ئاوی بتڵەكان؟ ئاوی خواردنەوەی پڕۆژە ئاوییەكان (ئاوی ماڵەكان Tap Water) زۆر سەلامەتە بۆ تەندروستی، چونكە بەچەندین كرداری پاڵاوتن و پاككردن و كلۆركردندا دەڕوات تاكو بۆ خواردنەوە شیاو بێت، هیچ بەڵگەیەكی زانستی لەبەردەستدا نییە كە ئاوی بتڵ لە ئاوی ماڵان باشتر و تەندروستییانەتر بێت.
Top