چەوری پتر لە شیرینی قەڵەوت دەكات

چەوری پتر لە شیرینی قەڵەوت دەكات
ئایا دەزانی كە قەڵەویی Obesity گرفتێكە هەر لە منداڵییەوە دەست پێدەكات. ئێستاش زۆر كەس وای بۆ دەچن كە زیاد خواردنی شیرینی هۆكاری راستەوخۆیە لەپاڵ قەڵەویدا. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە ئەو كەسانەی بڕێكی زۆر لە كاربۆهیدراتە سادەكان واتە شەكرەكان یان شیرینییەكان Sweets دەخۆن لە كەسانی تر لاواز و تەنكترن لە رووی كێشی لەشەوە. كەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئایا هیچ پێوەندییەك هەیە لە نێوان زیاد خواردنی خۆراكی كاربۆهیدراتی و قەڵەوی لە گەورەكان و لە منداڵاندا؟ لە هەمان لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە زیاد خواردنی خۆراكی چەور پتر لە شیرینیی هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی بەتایبەتی لە منداڵاندا. دەبێ ئەو راستییەش لە بیرنەكرێت كە یەك گرام كاربۆهیدرات واتە شەكر یان نیشاستە 4 كالۆری وزە بە لەش دەبەخشێت، بەڵام یەك گرام چەوری 9 كالۆری بە لەش دەبەخشێت واتە بڕێكی زیاتری وزە، بۆیە بڕی زیاد لە خۆراكی چەوری دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی. هەروەها، كەمی جووڵە یان كەمی مەشقی بەدەنی لەگەڵ زیاد خواردنی خۆراكی چەور ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی هێشتا زیاتر دەكات.
Top