بەهای خۆراكی تۆوی گوڵەبەڕۆژە

بەهای خۆراكی تۆوی گوڵەبەڕۆژە
بەهای خۆراكی تۆوی گوڵەبەڕۆژە Sunflower seeds لەوەدایە كە رێژەیەكی بەرزی ماددە فایتۆستیرۆلەكان Phytosterols لەخۆدەگرێت كە دەگاتە 290-270 میللیگرام لە هەر 100گرامدا، فایتۆستیرۆلەكان ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دادەبەزێنن، هەروەها بەرگری لەش بەرانبەر بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەهێز دەكات. گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین E كە لە لەشدا باشترین ماددەی دژەئۆكسانە كە لە چەوریدا بتوێتەوە، ڤیتامین Eلە هەموو بەشەكانی لەشدا دەخولێتەوە و دژی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals كاردەكات، ئەم ماددە سەربەستانە ئەگەر هاوسەنگ نەكرێنەوە بە ماددەیەكی دژەئۆكسان، ئەوا زیان بە پەردەی خانە و خانەكانی مێشك دەگەیەنن و ئەگەری گۆڕانی خانەكان بۆ خانەی شێرپەنجەیی زیاد دەكەن. ئەم ڤیتامینە نیشانەكانی رۆماتیزم و هەناسەتەنگی و سووانی جومگە سووكتر دەكات، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆلۆن و ئاڵۆزییەكانی نەخۆشی شەكرە كەمتر دەكاتەوە، لە ئافرەتانیشدا دوای وەستانی یەكجارەكی خولی مانگانە ئەگەری نیشانەكانی پەیوەست بەم گۆڕانە كەمتر دەكاتەوە. ئۆكسان وا لە كۆلیستیرۆل دەكات كە بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە بنووسێت و كرداری رەقبوونی خوێنبەرەكان رووبدات كە دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ یان جەڵتەی مێشك، ئەم ڤیتامینە ماددە دژەئۆكسانە بە شێوەیەكی سەرەكی نایەڵێت كە ماددە سەربەستەكان كۆلیستیرۆل بئۆكسێنن. رۆژانە خواردنی پیاڵەیەك تۆوی گوڵەبەرۆژە، پێویستی مرۆڤ بە ڤیتامین E بە رێژەیەكی باش دابین دەكات. تۆوی گوڵەبەڕۆژە بڕێكی باشی لە كانزای مەگنسیۆم كە گرنگە بۆ تەندروستی دەمار و ماسوڵكەكان و كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، هەروەها كانزای سیلینیۆم كە چالاكییەكی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە.
Top