خوێی دەریا یان خوێی سافكراو؟

خوێی دەریا یان خوێی سافكراو؟
خوێی سەر مێز Table salt لە مینەكانی خوێ دەردەهێنرێت، پاشان ساف دەكرێت ئینجا یۆدی تێدەكرێت. خوێی سافنەكراوی دەریا Sea salt لە ئاوی دەریاوە دروست دەبێت، بۆیە چەندین كانزای جۆراوجۆر بە رێژەی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەبەر ئەمە رەنگ و چێژی جیاواز دەبێت. هەندێك كەس پێیانوایە كە خوێی سافنەكراوی دەریا سوودی تەندروستی هەیە و پێیان باشە كە لە خۆراكدا كەم نەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی زانستی لەبەر دەستدا نییە كە ئەمە بسەلمێنێت. دەتوانیت تەنیا لەو كاتەی كە چێژی خوێیی دەریات پێ خۆش بێت ئینجا بیخەیتە خۆراكتەوە، لەمە زیاتر هیچ سوودێكی دیكەی نییە بە بەراورد لەگەڵ خوێی ئاسایی سەر مێز. ئەوە گومانی تێدا نییە كە بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا هۆكارە بۆ كۆبوونەوەی بڕێكی زیادی شلە و ئاوسانی لەش و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. لەو كاتەی كە خوێ سەرچاوەی گەورە و سەرەكی سۆدیۆمە، بۆ كەمكردنەوەی خوێ لە خۆراكدا، دووركەوە لەو خۆراكە دەستكردانەی كە بڕێكی زۆری سۆدیۆم لەخۆدەگرن، بۆ نموونە خۆراكی قوتووبەند، ترشیات، چەرەزات، خۆراكی خێرا، ژەمە خۆراكییە فریزكراوەكان. كەمكردنەوەی بڕی خوێ لە خۆراكدا لەوانەیە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی كە پەستانی خوێنت لە سنوورێكی تەندروستییانەدا بمێنێتەوە.
Top