گۆڕانی رەنگی لێوەكان

گۆڕانی رەنگی لێوەكان
بەگشتی گۆڕانی رەنگی لێوەكان Lip Discoloration نەخۆشی لەپاڵە، بۆ نموونە شین یان مۆرهەڵگەڕانی لێوەكان واتە كەمی ئۆكسجین لە لەشدا بەتایبەتی لەبەر نەخۆشی لە سییەكان و دڵدا. لەكاتی بەركەوتن بە دەوروبەرێكی زۆر سارد، خوێن لە پێست دووردەخرێتەوە بۆ ئەندامە گرنگەكانی وەكو مێشك و دڵ و گورچیلەكان بە مەبەستی پاراستنی پلەی گەرمییان، ئەمەش وا لە خوێنبەرە بچووكەكانی لێوەكان دەكات كە تێر ئۆكسجین نەبن بۆیە رەنگی لێوەكان بۆ مۆرێكی تۆخ دەگۆڕێت. مۆرهەڵگەڕانی لێوەكان هاوكات لەگەڵ كاڵبوون یان زەردبوونی پێست مانای كەمخوێنی لەبەر كەمی ئاسن دەگەیەنێت. شین هەڵگەڕانی لێوەكان بە شێوەیەكی كتوپڕ لەگەڵ زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و گرفت لە هەناسەدا مانای بوونی گرفت یان نەخۆشی لە دڵ یان لە سییەكاندا دەگەیەنێت، بۆ نموونە هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia، هەوكردنی بۆڕی هەناسە، رەبو. گەلێك جاریش بە هەڵمژینی دوكەڵ یان گازی ژەهراوی لێوەكان لەبەر كەمبوونەوەی ئۆكسجین لە خوێندا شین هەڵدەگەڕێن.
Top