گەنمەشامی Corn یەكێكە لەو دانەوێڵانەی كە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیهان بۆ خواردن بەكاردێت بە تایبەتی لە هیندستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا. دانەوێڵەكان Cereals بەگشتی وەكو سەرچاوەیەكی ئاسان و هەرزانی وزە سوودیان لێ وەردەگیرێت، هەر 100 گرامێكی زۆربەی دانەوێڵەكان نزیكەی 330-350 كالۆری بە لەش دەبەخشن، بۆ نموونە 100 گرام گەنمەشامی نزیكەی 342 كالۆری تێدایە. گەنمەشامی چەندین ڤیتامین لەخۆدەگرێت وەكو: ڤیتامین A، ڤیتامین E، ڤیتامینەكانی B1، B2، B3، B6، B9 (فۆلێت). هەروەها گەلێك كانزای گرنگی تێدایە، لەمانە فۆسفۆر، مەگنسیۆم، زینك، كۆپەر، ئاسن، پۆتاسیۆم، سیلینیۆم Selenium كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە. سوودە تەندروستییەكانی خواردنی گەنمەشامی بریتین لە: پاراستنی پێست لە نەخۆشی، یارمەتیدانی كۆئەندامی هەرس بۆ هەرسكردن و هەڵمژینی خۆراك، پاراستنی تەندروستیی دەمارەخانەكان و فرمانەكانی كۆئەندامی دەمار، رێگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ زیاد دەكات.