كام خۆراكت بە دڵە؟

كام خۆراكت بە دڵە؟
ئەوە روون و ئاشكرایە كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان خۆراك یان باشتر بڵێین جۆری خۆراك لەگەڵ خۆپاراستن و تووشبوون بە گەلێك نەخۆشیدا هەیە، هەروەها پەیوەندی هەیە لە نێوان جۆری خۆراك و باری دەروونی و مەزاجی Mood هەر كەسێكدا. روونتر بڵێین خواردنی ئەو خۆراكانەی كە حەزیان لێدەكەیت كاریگەرییەكی پۆزەتیڤانە دەكەنە سەر مەزاجت، پێچەوانەی ئەم مەسەلەیەش راستە، واتە خواردنی جۆرێكی خۆراك كە بە دڵت نەبێت كاریگەرییەكی نێگەتیڤانەی دەبێت لەسەر مەزاجدا. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی خۆراكی پەسندكراو لە لایەن هەر كەسێكەوە هانی لەش دەدات بۆ دەردانی چەند مادەیەك بە ناوی ئیندۆرفینەكان Endorphins كە مەزاجی مرۆڤ باشتر دەكەن. مرۆڤ لەكاتی برسیبووندا، زۆر جار حیساب بۆ حەز و ئارەزووەكانی خواردن ناكات، بەپێی ئاستی یان توندی برسیبوونەكە، هەتا ئاستی برسیبوونەكە توندتر بێت هێندە حەز و هەڵبژاردنەكانی خۆراكی ون دەبن. پەسندكردنی جۆرێكی خۆراك تەنها پەیوەست نییە بە بۆن و شێوە و چێژی خۆراكەكەوە، بەڵكو بە گەلێك هۆكاری تر پەیوەستە لەمانە: ئاستی برسیبوون، تاقیكردنەوەكانی رابردوو سەبارەت بە خواردن و جۆرەكانی خواردن، هەلومەرجی كۆمەڵایەتی لەكاتی خواردندا. كەواتە بە گشتی ئەو فاكتەرانەی كە كاریگەری دەكەنە سەر هەڵبژاردنی خۆراك بریتین لە: ئاستی برسیبوون، پێنج هەستەكەی مرۆڤ بەتایبەتی چێژكردن، بۆنكردن، شێوە و رووخساری خۆراك، شێوەی مەزاج، كفتی و شەكەتی دەروونی(سترێس (Stress، بارگرانی ژیانی رۆژانە، عادات و نەریتەكانی خواردن. هەوڵ بدە كە لەكاتی خواردندا هەموو هزر و بیركردنەوەیەك بەلاوە بنێیت و لەسەرەخۆ بە هێمنی خۆراكە هەڵبژێردراوەكەت بخۆیت.
Top