سوودەكـــــانی چای

سوودەكـــــانی چای
چای Tea جۆرەكانی زۆرن: چای سوور، رەش، زەرد، سپی، سەوز كە لە رووی سوودە تەندروستییەكانەوە هەندێك جیاوازییان هەیە. پۆلیفینۆلەكان Polyphenols گرنگترین مادە دژەئۆكسانەكانن كە سیفەتی دژی شێرپەنجەیان هەیە، بەتایبەتی شێرپەنجەی سوورێنچك، شێرپەنجەی گەدە، شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی هێلكەدان، بەمەرجێك رۆژانە 4-6 كوپ چای بخورێتەوە. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە مادە پۆلیفینۆلەكان ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ كەم دەكەنەوە و رێگا لە مەیینی یان تۆپەڵبوونی خوێن دەگرن. كوپێك چای نزیكەی 40 ملگم مادەی كافائین Caffeine تێدایە كە بە بڕی كەم هاندەرە بۆ تەركیز و وریابوونەوە. چای سەوزیش زیاتر لە جۆرەكانی تری چای تر دەوڵەمەندە بە مادە پۆلیفینۆلەكان Polyphenols، بۆیە سوودی تەندروستی تری هەیە. ئەم مادە دژەئۆكسانانە خانە شێرپەنجەییەكان دادەسەپێنن و نایەڵن گەشە بكەن. هەروەها ئەوەش سەلمێنراوە كە چای سەوز ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا دادەبەزینێت كە بەرپرسە لە رەقبوونی خوێنبەرەكان و دەبێتە ئەگەری نەخۆشی دڵ یان جەڵتەی مێشك. خواردنەوەی چای سەوز ئاستی شەكری خوێن لەژێر كۆنترۆڵدا دەهێڵیتەوە، بۆیە بۆ نەخۆشانی شەكرە سوودبەخشە. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە چای سەوز دژی بەكتریا كاردەكات و بۆ هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا سوودبەخشە، سكچوونیش رادەگرێت. خواردنەوەی چای سەوز سوودی تری هەیە وەكو سووككردنی شەكەتی دەروونی، هێشتنەوەی پتەوی ئێسك، دواخستنی سەرهەڵدانی سووانی جومگەكان، نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم، كەمكردنەوەی هەوكردن و گرژبوونی قۆڵۆن، پاراستنی جگەر لە مادەی زیانبەخشی وەكو ئەلكهول، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشی پاركینسۆن. چای سەوز مادەی دژەئۆكسانی تر بە ناوی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids لەخۆدەگرێت كە كۆمەڵێك سوودی تەندروستییان هەیە وەكو بەهێزكردنی دیواری بۆڕییەكانی خوێن، سووككردنی ئازار و نیشانەكانی تری هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان.
Top