نەخۆشی ئایدز و خۆراك

نەخۆشی ئایدز و خۆراك
هەر چەندە نەخۆشانی Aids بە گۆڕینی جۆری خۆراكیان چارەسەر نابن، بەڵام بۆ چەند مەبەستێك، پێویستە سێ لایەنی گرنگی پەیوەست بە خۆراك و نەخۆشی ئایدز، بزانرێن و پەیڕەو بكرێن، یەكەم: خۆپاراستن لە بەدخۆراكی Malnutrition بۆ ئەو كەسانەی كە ئەگەری تووشبوونیان بە ئایدز لێدەكرێت. دووەم: چارەسەركردنی بەدخۆراكی كە لە تووشبووان بە ئایدز روودەدات، بە مەبەستی كەمكردنەوەی قۆناغەكانی خەراپبوونی تەندروستی. سێیەم: بەكارهێنانی ڤیتامین و كانزاكان و ترشە چەورییەكان بە مەبەستی بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش. خۆراك، بەرگری لەش، هەوكردنەكان و ئایدز لە بازنەیەكدان و كارگەرییان لەسەر یەكتری هەیە. بەدخۆراكی بەر لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز، بەرگری لەش لاواز دەكات، بەمەشەوە تووشبوو زیاتر رووبەڕووی هەوكردنەكان دەبێتەوە. هەروەها گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە بەدخۆراكی فاكتەرێكی زەقە كە نەخۆشی ئایدز بەرەو قۆناغە سەختترەكان دەبات، بەتایبەتی كەمی پرۆتین، وزە، ڤیتامین و كانزاكان. لێرەدا دەبینین كە نەخۆشانی ئایدز لەبەر بەدخۆراكی لە رووی كێشی لەشەوە زۆر لاواز دەبن. خودی ئایدزیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سكچوون، هێڵنج و رشانەوە تاو هەوكردنەكان. ئەمانەش هەموویان لە لایەكی ترەوە دەبنە ئەگەری لەدەستدانی وزە و پرۆتین و مادە خۆراكییە گرنگەكان. هەروەها ئەو دەرمانانەی كە بۆ ئایدز بەكاردەهێنرێن وەكو زیانی لابەلا ئارەزووی خواردن كەم دەكەنەوە و نەخۆش تووشی هێڵنج و رشانەوە دەكەن، ئەمەش لە لایەكی دیكەوە كاریگەرییەكی خەراپ دەكاتە سەر لایەنی خۆراكی نەخۆش. گرنگترین هەنگاو بریتییە لە دابینكردنی خۆراكێكی پڕ وزە و پڕ پرۆتین، یارمەتیدەری خۆراكی Supplements پرۆتین و ڤیتامین و كانزاكان بە شێوەی شلەمەنی سوودی زۆر بە نەخۆشانی ئایدز دەگەیەنێت.
Top