سۆیـــــــــــــا و هۆڕمۆنی رووەكی

سۆیـــــــــــــا و هۆڕمۆنی رووەكی
ئاوێتە بایۆلۆژییەكانی ناو سۆیا Soya وەكو ئایزۆفلاڤۆنەكان Isoflavones و هۆرمۆنە ئیسترۆجینە رووەكییەكان Phyto-oestrogens سوودی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە. خواردنی سۆیا بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا و پاراستنی دڵ لە نەخۆشی سوودی هەیە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی 25-50 گرام لە پاقلەی سۆیا بە رێژەی 10%. رۆژانە دەبێتە هۆی دابەزاندنی كۆلیستیرۆلی خەراپ. خواردنی سۆیا رێگایەكە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پرۆستات. سۆیا لە ئافرەتاندا، بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك بەسوودە، هەروەها ماوەی یان رۆژانی خوێنڕیزی سووڕی مانگانەی ئافرەت درێژدەكاتەوە كە ئەمەش فاكتەرێكی دیكەیە ئافرەت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دەپارێزێت. سووككردنی ئەو نیشانانەی كە لەپاش وەستانی سووڕی مانگانەی ئافرەت سەرهەڵدەدەن وەكو تەزووی گەرم Hot Flushes و دڵ توندی و خەوزڕان. فراوانبوونی بۆڕییەكانی خوێن، ئەمەش مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە پەككەوتنی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها تووشبووان بە نەخۆشی دڵ دەتوانن رۆژانە 25 گرام پرۆتینی سۆیا بخەنە ناو خۆراكییانەوە. پاراستنی ئێسكەكان لە تووشبوون بە لاوازبوون بەوەی كە بارستایی ئێسكەكان زیاد دەكات، ئەمەش پاساوی ئەوە دەداتەوە كە ئافرەتانی ئاسیایی كە سۆیا زیاتر لە خۆراكیان دایە بە بەراوردكردن لەگەڵ ئافرەتانی رۆژئاوایی كەمتر تووشی لاوازبوونی ئێسك دەبن. لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە زیاد خواردنی سۆیا لەوانەیە زیانی تەندروستی لێ بكەوێتەوە، لەبەر ئەو ئیسترۆجینە رووەكییانەی كە لە سۆیادان، بەتایبەتی بۆ منداڵان كە فۆرمیولای بە سۆیا وەردەگرن، چونكە دەبێتە ئەگەری ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا كە لەوانەیە لە دوارۆژدا كاریگەری بكاتە سەر توانای منداڵبوون.
Top