ئایا زیاد كوڵاندنی ئاو مەترسی هەیە؟

ئایا زیاد كوڵاندنی ئاو مەترسی هەیە؟
ئایا دووبارە و سێبارە كوڵاندنەوەی ئاوێك كە بۆ جارێك بە تەواوی كوڵێنرابێت هیچ زیانێكی تەندروستی بەدواوەیە؟ ئاوێك كە تەنها بۆ جارێك بەباشی بكوڵێنرێت دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەر میكرۆبێك تیایدا، بەڵام ئەگەر ئاوەكە ئالودە بووبێت بە مادە یان كانزای كیمیایی وەكو نایترێتەكان Nitrates یان مادەی ژەهراوی وەكو ئارسینیك Arsenic، ئەو كاتە زیاد كوڵاندنی ئاو یان دووبارە كوڵاندنەوەی ئاوێكی كوڵاو لەوانەیە ببێتە هۆی گرفتی تەندروستی. بە زیاد كوڵاندنی ئاو، رێژەی بەهەڵمبوونی ئاو زیاتر دەبێت، بەمەشەوە چڕی ئەو مادە كیمیاییانەی لە ئاوەكەدایە زیاتر دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی خواردنی زیاتری مادەی كیمیایی. ئاوی ژێر زەوی یان ئاوی زەوی Ground Water لەوانەیە مادەی نایترێتەكان لەخۆبگرێت كە لەناو پەینەكاندا بەكار دەهێنرێت، هەروەها مادەی ئارسینیك لەخۆبگرێت كە لە پاشەڕۆی پیشەسازییەكان و كێڵگەكاندا هەیە، نایترێت و نایترایتەكان Nitrites لە پیشەسازی خۆراكدا بەتایبەتی گۆشت و لەناو گۆشتی قوتوودا بەدی دەكرێن. خواردنەوەی ئاوێك كە بە مادە نایترێتەكان ئالودە بووبێت، لەوانەیە ببێتە سەرهەڵدانی نەخۆشی لە خوێنداMethemoglobinemia ، لە چەند لێكۆڵینەوەكیشدا هاتووە كە نایترێتەكانی ناو ئاوی خواردنەوە لەوانەیە ببنە ئەگەری چەند جۆرە شێرپەنجەیەك. هەورەها مادەی ئارسینیك ژاراویبوون پەیدا دەكات و دەبێتە هۆی چەندین جۆری شێرپەنجە. ئاوی پرۆژە ئاوییەكانی شارەكان مەترسی نییە كە بەم ماددانە ئالودە بووبێت، چونكە دەپاڵێورێت و پشكنینی بەردەوامی بۆ دەكرێت، بەڵام ئاوی بیرەكان لە هەر شوێنێكدا پێویستییان بە پشكنین هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ مادەیەكی نایترێتی و ئارسینیكی تێدا نییە.
Top