ناسكەنان و كەلانە بازاڕیان گەرمە

ناسكەنان و كەلانە بازاڕیان گەرمە
ناسكەنانی بەهاران و كەلانە بە تامە خۆشەكەی، خۆشترین خواردنی ئەو وەرزە پێك دەهێنن، كە ئەو خواردانە سەرلەبەیان و ئێوارانیش دەبنە ژەمێكی بەتام، لەگەڵ چای گەرم، یان ماستاو خواردنێكی كوردەوارین، ناسكەنان كە جاران بە رۆن و كەرە و دووگ دروست دەكران، لە ئێستادا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا بە پەنیر و گۆشت و هێلكە دروست دەكرێن، ناسكەنان و كەلانە لە زۆربەی شوێنە گشتییەكاندا هەن و لەلایەن كۆمەڵە خانمێكی دەست رەنگین بەڕێوە دەبردرێن، یەكێك لەوانە ناسكەنانی (پایتەخت)ـە كە خاتوو (زەیتوون) بەم شێوەیە باسی ئەو كارە تازەیەی دەكات و دەڵێت: لە ئێستادا ناسكە نان رەواجێكی زۆری هەیە، بە تایبەت سەر لە ئێواران، جگە لەوانەی دێن بۆ شوێنەكەمان ناسكەنان و چای نۆش دەكەن، هەروەها بە سەفەرییش بۆ ماڵەوە دەبردرێت، چەندین جۆر ناسكەنان هەن لەوانە (سادە، بە گۆشت، بە پەنیر، كەلانە، نانی تیری) ناسكەنانی ئێستا جیاوازیی لەگەڵ هی ئەوسا هەیە، ئەویش بە زیادكردنی گۆشت و پەنیر و شتی دیكە كە تامی ناسكەنانەكە خۆشتر دەكات، رۆژانە نێوان 100 بۆ 200 ناسكەنان ئامادە دەكەین، ئەگەر رێگەمان بدەن ناسكەنان بە دار و رەژوو، یان بە ئاگردان دروست دەكەین، بەڵام ئەو كارە زیانی بۆ ژینگە هەیە، بەهۆی ئەوەی ناسكەنان لەسەر ئاگردان تام و بۆنی خۆشتر دەبێ، ئێمە جگە لە ناسكەنان، نانی تیرییش ئامادە دەكەین، كە ئەوانەی ناتوانن نان بكەن، یان كاتی ئەوەیان نییە، دێن و دەستەیەك نانی تیری دەبەن كە نرخەكەی (25) نان نێوان (11 بۆ 15) هەزار دینارە، نانی تیرییش لە ئاردی گەنم وجۆ هەن، ئەوەی جۆیە بۆ ئەوانەیە كە نەخۆشیان هەیە وەك شەكرە و زەخت، نرخی ناسكەنانی سادە بە (1000) دینارە، بە پەنیر و گۆشت بە (2000) كە نرخێكی گونجاوە، مرۆڤێكی ئاسایی بە دوو ناسكەنان ژەمێكی خۆش نۆش دەكات و پێی تێر دەبێت.
Top