بۆچی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن پێست چەور دەبێت

بۆچی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن پێست چەور دەبێت
هەرچەند لە هەموو تەمەنەکاندا، بە هۆکاری جۆرواجۆر زیپکەکان لە بەشێک لە جەستە، یاخود دەموچاوی مرۆڤ سەردەردێنن، بەڵام هەندێک کەس لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن تووشی ئەم کێشەیە دەبن.
لەسەر ئەم بابەتە، پسپۆران و پزیشکانی بواری پێست پێیان وایە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن پێستی دەموچاو لەپێشووتر چەورتر دەبێت و ئەم هۆکارە سەرەکیترین هۆکارە، کە بەشێک لە ئەندامانی جەستە، یاخود زیاتر پێستی دەموچاو تووشی زیپکە ببێت. لای پزیشکان ئەم حاڵەتە ئاساییە، چونکە سەلمێندراوە، زۆر کەس لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا، رووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی پزیشکانی زانکۆی هاروارد، پێویستە لە تەمەنی 40 ساڵ بۆ سەرەوە، مرۆڤ کەمتر کەڵک لە کاربۆهێدراتەکان وەربگرێ، هەروەها زێدەڕۆیی له خواردنی مەوادی خۆراکی نیشاستەیی و شەکر و شیرینی نەکات، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، لەم تەمەنانەدا، واتە چل ساڵ بۆ سەرەوە، بەئاسانی و لەپڕ رێژەی شەکر لە خوێندا زیاد دەکات و ئەمە سەرەکیترین هۆکاریشە بۆ دروستبوونی چەورییە زیادەکان لە پێست و سەرهەڵدانی زیوان و زیپکەکان، هەر بۆیە پزیشکان جەخت دەکەنەوە، پێویستە لە قوناغێکی تەمەندا، مرۆڤ سەرکێشی لە خواردنی هەندێک خۆراکدا نەکات، کە بۆی گونجاو نیین، چونکە له رووی تەندروستیی جەستەیی و ڕواڵەتیشەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەری دروست دەکەن.

سەرچاوە: باسنیوز
Top