یاری بۆلینگ لە كوردستان

یاری بۆلینگ لە كوردستان
جاران یارییەكی كوردەواری هەبوو كە پێیان دەگوت (كێلە بەردانێ) بریتی بوو لە دانانی چوار بەرد بۆ هەر تیمێك، چوار بەردەكە لە شێوەی سێگۆشە دادەنران، تیمی بەرامبەر
دەبووایە بە هاوێشتنی بەرد و تێگرتنیان لە یەكێك لەو چوار بەردانەیان دابووایە، ئەوەی بەردێكی بەربدایەتەوە بۆی هەبوو بەردێكی دیكەش بهاوێژێت، یاریی بۆڵینگ كە یارییەكی جەستەیی و فیكرە، لە سەردەمی ئێستادا لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە، لە كوردستانیش لە چەندین شوێنی تایبەت و گشتی وەك مۆڵەكاندا هەیە، یارییەكی خۆش و بەجۆشە، كە هێز و توانایەكی باشی دەوێت، بریتییە لە هاوێشتنی تۆپێك كە پێی دەگوترێت (بۆڵ) لە چەند دانەیەك دار دەگرن كە پێیان دەگوترێت (پین)، ژمارەی پینەكان (10) پینە، تۆپەكانیش بە كێشی نێوان (3.63) گرام دەست پێ دەكەن، تا دەگاتە (7.2) كیلۆگرام، تۆپە كێش كەمەكان كە بە تۆپی سووك ناسراون، زیاتر بۆ ئافرەتانە، ئەوانی دیكەش پیاوان دەیهاوێژن، مێژووی ئەو یارییە بۆ سەردەمی فیرعەونەكان دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرچاوەی تەواوی ئەو یارییە لە وڵاتی بەریتانیا بووە و لە سەدەی (18) پەیدا بووە، درێژیی شوێنی یارییەكە (18) مەترە و پانیشی (1.4) واتە زیاتر لە مەترێكە، یارییەكە لە (10) راوند، یان خول پێك دێت، كە هەر خولێك دوو جار تۆپ دەهاویژیت، ئەگەر بە جارێك هەموو پینەكان بخەیت، ئەوە پێی دەڵێن strike ئەگەر بە هەردوو جار لە خولێك هەموو پینەكان بەردەیتەوە، پێی دەگوترێت spare، لە سێ خولدا ژمارەی لێدانەكانت بۆ هەژمار دەكرێت، چەند پۆینت بە دەست بهینیت، لە ریزی ناوی یاریزانەكەدا دەنووسرێت، لە كوردستان زیاتر كچان و كوڕان، یان ئەندامانی خێزانێك بۆ خۆشی پێكەوە ئەو یارییە دەكەن، لە كاتی یارییەكەش وێنە و سناپی جۆراجۆر دەكەن، براوەكان ئەنجامی یارییەكانیان بۆ خۆشی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكەنەوە.
Top