هەنگاوەكانی گرینگیدان بە پێست

هەنگاوەكانی گرینگیدان بە پێست
گرینگیدان بە پێست، نیوەی هەنگاوەكانی جوانییە، بۆ ئەوەی پێستت نەرمونیان بێت، پێویستە گرینگی بە پێستت بدەیت، بەتایبەتی لە كاتی موو لابردن، كە هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ ناسكی و سەرنجڕاكێشیی پێست، چەندین رێگەی لابردنی موو هەن، لەوانە: لێزەر، مووس، شەمع، بەڵام ئەوەی لە نێو خانمادا باوە لابردنی مووە بە شەمع، بۆیە پسپۆڕان چەندین هەنگاویان ئامادە كردووە، تا رێگەیەكی دروست بگریتە بەر و پێستیشت تووشی هەوكردن و گرفت نەبێتەوە، سەرەتا بەر لە لێدانی شەمعەكە پێویستە شوێنەكە بە جوانی پاك بكرێتەوە و بە ئاوی شلەتێن بشۆردرێت، پاشان وشك بكرێتەوە، هەوڵبدە زیاتر كاری موولابردەنەكە لە دوای سووڕی مانگانەوە بێت، بەر لە دەستپێكردن پارچە قوماشێكی نەرم بهێنە و بە ئاوی گەرم تەڕی بكە، پاشان لەو شوێنانەی بدە كە نیازت وایە مووەكانی لابدەیت، تا رەگی مووەكان نەرم ببێتەوە و بە ئاسانی بێتە دەرەوە، دوای ئەوەی شەمعەكە گەرم دەبێ و ئامادە دەبێ سەرەتا لەسەر دەستت تاقی بكەرەوە، چونكە نابێت هێندە گەرم بێت كە ئازاری پێست بدات، پێویستە لێدانی شەمعەكە بە ئاراستەی مووەكانەوە بێت، دوای دەستلێخستنی بە (10) چركە، دواتر بە پێچەوانەوە راكێشە و لێی بكەرەوە، ئەگەر لە كاتی موولابردن پۆدرە بەكاربهێنیت، ژان و ئازار كەم دەكاتەوەو رێگرییش لە هەوكردنی پێست دەكات، ئەگەر هەستت بە ژان كرد، پێویستە كرێمی هێمن كەرەوە بەكار بهێنیت، لە كۆتاییشدا رۆنی سرووشتی لە بیر مەكە بۆ لێكردنەوەی تەواوی شەمعەكە.
Top