كچە ستریمەر لونا هاوكار

كچە ستریمەر لونا هاوكار
لونا خان، كچە ستریمەرێكی خەڵكی سلێمانییە، ماوەیەكە كاری ستریمەری دەكات، راستەوخۆ چەندین جۆرە یارییە ئەلیكترۆنییە تازە و ناودارەكانی ئێستای جیهان بە وێنەی ڤیدیۆیی بە فەیسكام دەگوازێتەوە، لەگەڵ ستریمی یارییەكە لە بەردەم خەڵكدا دەردەكەوێت، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی زۆر لە ستریمەر و یوتوبەر لە جیهاندا سەریان هەڵداوە و رۆژ لە دوای رۆژیش رێژەی كچانی ستریمەر روو لە زیاد بوون دەكەن، لە كوردستانیش لوناخان دەستپێشخەریی ئەو كارەی كردووە و توانیویەتی لە رێگەی ستریمەكانیەوە هەزاران كوڕ و كچی كورد كۆ بكاتەوە، لە كاتی یاریكردنیشدا بە قسە خۆش و زەردەخەكانی دڵ و سەرنجی هەواداران و خەڵك بۆ خۆی دەكێشێت، ئەوخانمە لە گفتوگۆیەكی گۆڤاری گوڵاندا بەم چەشنە وەڵامی چەند پرسێكی دایەوە:


* ستریمەر واتە چی و چۆن ئەو بیرۆكەیەت بۆ هات كە وەك كچێك كاری ستریمەری بكەیت؟
- ستریمەر ئەو كەسەیە كە هەڵدەستێ بە بڵاوكردنەوەی گەیم پلەیی خۆی، لە ژیانی راستیدا هەر یەك لە ئێمە لە بوارێكی تایبەتی ژیاندا ئەزموونمان هەیە، كەسی سەركەوتووش ئەو كەسەیە كە ئەزموونی خۆی لە بوارێكدا دەدۆزێتەوە، بۆمنیش وەك ئەوە وابوو كە بەهرەیەكی خۆم بێت و چەندین كەسیش ئەو بیرۆكەی پێگوتم.
* ئەی كۆمەڵگە و دەوروبەر و خێزانت نەبوونەتە كاریگەر لە كاری ستریمەری و لایڤەكانت؟
- لە نێو كۆمەڵگەدا هەر كارێكی تازە تووشی كێشە و گرفت و رەخنەت دەكاتەوە، سەرەتا بە گشتی توشی رەخنەی زۆر بووم، بەڵام كاتێك خاوەنی خێزانێكی تێگەیشتوو و باشیت، بڕوا ناكەم رەخنەكان كاریگەریی نەرێنی لەسەرت دروست بكەن.
* ئایا سەرقاڵبوونت بەو كارە خوێندنت دوا ناخات، هەروەها ژیانی رۆژانەی تایبەتی خۆت ناگرێت لە چوونە دەرەوە و پەیوەندییەكانی خێزانەكەت؟
- كە دەستم كردووە بە ستریمینگ، لە هەمان كاتیشدا بەپێی پێویست كاتم بۆ خوێندن تەرخان كردووە و رێگەم نەداوە كاریگەری لەسەر خوێندنەكەم هەبێت، بێگومان بەڵانسێك لە نێوان كاتم بۆ ستریمەری و خوێندن و ژیانی خۆشم داناوە.
* ئایا ستریمەری سوودی ناوبانگ و ماددیی هەیە؟
- وەكو ئەوەی دەزانن هەموو بوارێك ناوبانگ و سوودی ماددیی هەیە، بەڵام من پێم وایە و دەڵێم، ئەگەر هەر كارێك، یان ئەو ئیشەی دەیكەیت بۆ ناوبانگ، یان پارە بێت، چاكترە نەكەیت و وازی لێ بهێنێت، ئەو كارەی من دەیكەم زیاتر بۆ هەواداران و هاوڕێیانە.
* لە رێگەی لایڤەكانتاوە تۆڕێكی خێزانی و نزیك بوونەوەی كوڕان و كچانت دروست كردووە، كارێكی وەهات كردووە كە كوڕ و كچ وەك یەك سەیر دەكەیت، هەستت چییە بۆ ئەوە؟
- پێم خۆشە و زۆر خۆشحاڵم ئەگەر توانیبێتم ئەو كۆمەڵە گەنجە لە رێگەی یاری و لایڤەكانمەوە كۆ بكەمەوە و یەكتر ناسینێك دروست بكەم، تا كاتێكی خۆشیش بە یارییەكان و فێر بوونی زانیاری بدەم، هەروەها خۆشحاڵم كە بتوانم لە رێگەی لایڤەكانمەوە سوودێكم بە كۆمەڵگەكەم بگەیەنم.
Top