خەنەبەندان!

خەنەبەندان!
خەنەبەندان، بۆنەیەكی كۆن و پیرۆز بووە لەنێو كورد، ئەمەش وەك بۆنەیەكی تایبەت و خۆش، رۆژێك بەر لە ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت، كاتێك كچێك بە شوو دەدرێت، ئەو شەوەی كە بۆ بەیانی كچەكە دەبێتە بووك و دەیبەن بۆ لای زاوا، ئاهەنگێكی خنجیلانە لە ماڵی كچەكە ساز دەكرێت، لەلای هەندێك خەڵك و هۆز، دەبێ زاواش بچێتە ماڵی بووكەكە و ئەو شەوەی بەر لە رۆژی هاوسەرگیری، زاواش لەوێ دەبێت و ئیدی خەنەبەندان دەست پێدەكات، بە ئامادەبوونی خەڵكی نزیكی بووك و هاوڕێیان و دۆستانی بووك و زاوا، زیاتر كەسوكاری بووك ئامادە دەبن. دوای ئەوەی ئاهەنگێكی خنجیلانە و جوان ئەنجام دەدەن، خەنە دەهێنن و لە ناو لەپی بووكە خان دەدرێت، بە شێوەیەكی بازنەیی، هەندێك جار لەسەر دەست و شوێنی دیكەش دەدرێت، بەڵام زیاتر لە ناو لەپی دەست دەدرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا بووكەكە پیرۆز بێت و ئاهەنگەكەش بە قسەی خۆش و چەپڵەڕێزان تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
Top