هەوجاری جووت كردن!

هەوجاری جووت كردن!
رەوەند بەختیار
هەوجار یەكێكە لە سەیرترین و باشترین كەرەستە لە بواری كوردەواری، كە بۆ جووت كردن بەكاردەهێنرێ، هەروەها بۆ شۆبرین، واتە هەڵكەتاندنی شوێنی چۆڵەوانی و بەیار، تاوەكو بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەبێ بۆ تۆكردن، واتە دانەوێڵە پێوەكردن و چاندنی دەغڵ و دان، هەوجار كەرەستەیەكە زۆربەی بەشەكانی لە دار دروست دەكرێ، زیاتر لە دار بەڕوو یان دار گوێز، كە پەسەندترە لە دار بەڕوو دروست بكرێت، هەوجار، لە سێ بەش پێكدێ، ئەوەی بە دەستەوە دەگیرێ پێیدەگوترێ (دەستەن دوو)، واتە ئەو شوێنەی بە دەست دەگیرێ، دواتر بەشێك دێ كە پێیدەگوترێ هەوجار، لە خوارەوەش پارچە ئاسنێك هەیە لە شێوەی چەقۆیە، پێدەگوترێ (گاسن)، هەروەها ئەو بەشەی لە ئاژەڵ دەخسترێ پێیدەگوترێ (مژانە)، هەوجار زیاتر لە گا دەخسترێ، بۆیە پێیدەگوترێ (گا جۆت) واتە گای تایبەت بۆ جووت كردن، ئەو مژانەی پێشەوە پێیدەگوترێ (نیر) كە زەنگورە و شتی جوانی پێوەیە، دەخرێتە سەر ملی گاكان، زیاتر هەوجار بە دوو گا دەخسترێ، چونكە تاكە گایەك توانای نابێ ئەو كارە بكات، لە دواوەش یەكێك دەست بەسەر دەستەن دووەكەوە دەبێ و هەروەها (گا)كان لێدەخوڕێ و كاری جووت كردنەكەش دەكات، ئەمەش یەكێك دەبێ بە سەیرترین و كارامەترین كەرەستە لە بواری جووت و دەغڵ و دان.
Top