ئێكسسواری ڕەنگاوڕەنگ و كراسی كوردی ڕەنگ ڕەش

ئێكسسواری ڕەنگاوڕەنگ و كراسی كوردی ڕەنگ ڕەش
زۆر جار جلی سادە یان جلوبەرگی تاك ڕەنگ، كەشخەیی و گەورەیی خۆی دەنوێنێ، بەڵام بوونی هەر هەڵەیەك لەگەڵ جلی سادە یان جلی یەك ڕەنگ، دەبێتە هۆی ناشیاوی لەمۆدەكەوە، لەجلوبەرگی كوردیدا زیاتر لەڕەنگێك بەكاردەهێنرێ بۆ هەڵبژاردنی بەشەكانی جلێك، ئەمەش وەك گونجاندن و تێكەڵی نێوان ڕەنگەكان، تاوەكو جلێكی كوردی جوانی لێدەربچێ. ئەگەرچی جلوبەرگ لەڕەنگی زۆر ستایلی بۆ دادەنرێ، بەڵام دەشتوانین جلی سادە یان تاك ڕەنگ بێ، لەبری زۆری ڕەنگ دەكرێ لەڕێگەی ئێكسسوارەوە ڕەنگی دیكەی بۆ زیاد بكەین و شێوازی بگۆڕین. كراسی كوردی لەگەڵ هەر ڕەنگێك بێ، جوانی خۆی دەنوێنێ، گرنگە بزانی چ جۆرە ڕەنگێك لەگەڵ سیما و ڕەنگی پێست و جەستەت دەگونجێ، ڕەنگی ڕەش كە بەشای ڕەنگەكان ناسراوە، بێگومان ژمارەیەكی زۆر لە خانمان حەز بەو ڕەنگە دەكەن، یان كات و شوێن هەیە پێویستی بەوەیە كە ڕەنگی جلوبەرگت ڕەش بێ، كراسی كوردی لەڕەنگی ڕەش، بەهایەكی تایبەتی و كراوەی خۆی هەیە، لەمۆدە كۆنەكاندا زیاتر شێوەی جلەكە گۆڕانكاری بەسەردا دەهات، كەچی لەمۆدە تازەكاندا بەبڕین و دیار بوونی جەستە كاری لەسەر دەكرێ، هەروەها بوونی ئێكسسواری ڕەنگاورەنگ، ئەو ئێكسسوارانەش دەكرێ لەگەڵ ئێلەگی كراسەكە ببەسترێ، یان بەشێوەیەكی سەربەخۆ دابنرێ.
Top