داس ئامێرێكی بچووك و بەسوود

داس ئامێرێكی بچووك و بەسوود
كەرەستە كوردەوارییەكان چەندین سوودیان هەبووە لە ژیانی رۆژانەی كرێكار و جووتیاری كورد لە سەردەمی كۆندا، تەنانەت توانیویانە لە بیرۆكەیەكی بچووك چەندین كەرەستەی بەسوود و بەپێز دروست بكەن، بەر لە دەركەوتنی ئامێرە گەورەكان وەك: تراكتۆر و دەڕاسە، دەبوایە دەغڵ و دان بە دەست بدروێنرێتەوە، ئەمەش وای پێویست كرد كە ئامێرێكی دەستی دابهێنرێ كە پێی دەگوترێ (داس)، ئەم ئامێرە بچووك و بەسوودە لە ژیانی رۆژانەی كوردا، جێ پێیەكی گرنگی هەبووە بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان، بە تایبەت كاتی دروێنەی دەغڵ و دان، داس لە دوو بەش پێكدێ، بەشێكی لە ئاسنە و دەبێ تیژ بێ، بەشی دووەمیشی لە دارە كە ئاسنەكە دەچێتە ناو دارەكە بۆ ئەوەی ببێتە دەسك بۆ گرتنی، شێوەی پێشەوەی داس بازنەییە واتە وەك نیوە مانگ وایە و ئەمەش بۆ گرتنی بڕێكی زۆر لە دەغڵ لەو كاتەی كە كاری دروێنە دەكەن، دەبێ داس تیژ بێ بۆ زیاتر ئاسانكردنی كارەكان، سەرەتا ئاسن دەهێنرا و خوار دەكرایەوە و دواتر لەگەڵ دارێكی تەڕ دەخرێتە ناو دارێكەوە كە تاوەكو توند بێ و جێگێر بێ، دواتر بەم شێوە دەكرێ ئامادە بێ بۆ كاری دروێنە.
Top