یەکێتیی ئەورووپا داخوازییەکی ئێرانی ڕەت کردەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە کە هیچ دوامۆڵەتێکی ئێران لەبارەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئەوتۆمی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان قەبووڵ ناکات.
ئەم کاردانەوەیەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە لە یەکەم ساڵیادی هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئێران هەندێ چالاکیی ئەتۆمیی خۆی لە چوارچێوەی بەرجام دەست پێدەکاتەوە.
هاوکات حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکدا 60 ڕۆژ دەرفەتی بە وڵاتانی پێنج کۆ یەک دا کە ئەگەر لەو ماوەیەدا بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و ئێران بگاتە ئامانجەکانی خۆی ئەوانیش پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبن، دەنا درێژە بە چالاکیی ئەتۆمیی خۆیان دەدەن.
دوای هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا بەرانبەر ئەو داخوازییەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش کاردانەوەی نیشان دا و ئاشکرای کرد کە ئێران قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە.
باسنيوز