ئێران بڕیاره هه‌ستیاره‌كه ده‌دات
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه ئێرانییه، سبه‌ی عه‌باس عێراقچی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌و بڕیاره‌ی وڵاته‌كه‌ی به باڵیۆزانی هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، رووسیا، چین و ئه‌ڵمانیا راده‌گه‌یه‌نێت.
وه‌ك ئه‌و ئاژانسه ئاماژه‌ی پێداوه، له لایه‌كی دیكه‌وه حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران نامه‌ی جیاواز بۆ سه‌ركرده‌كانی هه‌ریه‌ك له‌و پێنج وڵاته ده‌نێرێت و پێیان راده‌گه‌یه‌نێت: "به‌هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پابه‌ند نه‌بوونی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رێككه‌وتنه‌كه به به‌ڵێنه‌كانیان، ئێران هیچ بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌م نه‌ماوه ته‌نیا كشانه‌وه نه‌بێت له به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه".
هه‌روه‌ك ئاژانسه ئێرانییه‌كه نووسیویه‌تی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفیش نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی فێدریكا مۆگرینی، كۆمسیاری باڵای ئاسایش و كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات و تێیدا ورده‌كاری كشانه‌وه‌ی تاران له رێككه‌وتنه‌كه ده‌خاته روو.
ئاژانسی ئێرنا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئێران له به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كان هه‌نگاوی یه‌كه‌می تارانه، كه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنه‌كه و پابه‌ندنه‌بوونی وڵاتانی ئه‌وروبا به به‌ڵێنه‌كانیان ده‌نێت.
هه‌روه‌ها جه‌خت كراوه‌ته‌وه، هه‌ر كاتێك له‌ماوه‌ی 2 مانگدا ئه‌و 5 وڵاته ده‌ستیان به رێككاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه كرد، ئه‌وا ئێرانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندبوونی ته‌واو به به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دیاریكراودا هیچ هه‌نگاوێك له‌و 5 وڵاته تێبینی نه‌كرا، تاران ده‌ست به "هه‌نگاوی دووه‌م" ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیاریێك له‌باره‌ی هه‌نگاوی دواتر ئاشكرا بكات.
به‌ر له ساڵێك، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه راگه‌یاند، كه له ساڵی 2015 له سه‌رده‌می باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌ی له نێوان ئێران و وڵاتانی گروپی 5+1 واژۆكرا و به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، پێویست بوو به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونی تاران له پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵگیرێن.
k24 -