"7 چه‌ته‌ له‌ناو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی توركیا هه‌ن"

كه‌مال كڵیچدار ئۆغڵو, سه‌رۆكی گشتی پارتی گه‌لی كۆماری "جه‌هه‌په‌" ده‌ڵێت: له‌نێو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردندا 7 چه‌ته‌ هه‌ن و به‌ گوێره‌ی فه‌رمانی سه‌رۆكی چه‌ته‌كه‌یان كار ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی گشتی پارتی گه‌لی كۆماری جه‌هه‌په‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ بریاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی له‌ ئیستانبوڵ ده‌گرێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌: بڕیاری كۆمسیۆن دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ و ئه‌ندامانی كۆمسیۆن بوونه‌ته‌ چه‌ته‌.

كلچدار ئۆغلۆ گووتیشی: له‌ یه‌كه‌مین رۆژی ره‌مه‌زاندا مافی ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو، براوه‌ی جه‌هه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئیسته‌نبوڵیان خوارد.

پێشتریش فایەق ئۆزتراك، گوتەبێژی جەهەپە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی پارتەکەیان لەگەڵ ئەندامانیان لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵ دەکەن.

گوتەبێژی جەهەپە بڕیاری کۆمسیۆنی بە کودەتا بەسەر ئیرادەی گەل دانا و دووپاتیشی کردەوە، کە بێدەنگ نابن.

دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستانبوڵی لە 23ی حوزەیران دەرکرد، کە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە لەو شارە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
k24 -
Top