رەجەب دووچاری شکستێکی گەورە بوو

رەجەب دووچاری شکستێکی گەورە بوو
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دووچاری شکستێکی گەورە بوو و پایتەختی تورکیای لەدەستدا و بە جیاوازییەکی زۆر کەمیش لە ئیستانبوڵ لە پێشە، ئەو دوو شارەش بەهۆی ئەوەی پایتەختی سیاسی و گەشتیاریی تورکیان، گرنگی زۆریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تورکیا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، پاریی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) جیا لە پایتەختی تورکیا، دەنگەکانی لە ئیستانبووڵیش کەمی کردووە لە کاتێکدا لە ساڵانی نەوەتەکان، سەرۆکی تورکیا پارێزگاری ئەو شارە بووە.

لە ئیستانبوڵ، بینالی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و کاندیدی ئەکەپە بە تەنها 4000 دەنگ لە پێش کاندیدی جەهەپەیە.

ئەردۆغان لە دوای موستەفا کەمال ئەتاتورک، فەرمانڕەوایەکی بەهێزی تورکیایە، دەنگەکانیشی لەسەری بنەمای ئابوورییەکی بەهێز و پشتگیری کردن لە خەڵکی ئاینی و نەریتپارێزی تورکیا بووە.

رەنگە دەنگدەرانی دوێنێ، دابەزینی بەهای لیرە، زیادبوونی هەڵئاوسان و زۆری بێ کاریان لە تورکیا لە بیر نەکردبێت.

هەدەپە

لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا، هەدەپە توانیوی چەند شارێک بەدەستبهێنێتەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەرپرسانی تورکیا بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لێیان سەندبوونەوە.

لە شارە کوردییەکانی دیاربەکر، ماردین، باتمان، هەکاری، سێرت، رەشەقلاس، وان و قەرس هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو شارەکانیشرناخ، ئاگری و بەدلیسی لەدەستدا.

ئاماری 99%ی دەنگەکان:

سەدا 99ـی دەنگی ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا جیاكراونەتەوە و تا ئێستا ھەدەپە 69 شارەوانیی بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، تا ئێستا 99% دەنگەكان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان جیاكراونەتەوە، بەو پێیە، ئاكپارتی 796 شارەوانیی بەدەستھێناوە، جەھەپە 246 شارەوانی و مەھەپەش 227 شارەوانیی بەدەستھێناوە، ھەروەھا ئیی پارتی 21 شارەوانی بەدەستھێناوە.



K24
Top