سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا: لە چەند رۆژی داهاتوودا سەربەخۆیی رادەگەیێنین

 سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا: لە چەند رۆژی داهاتوودا سەربەخۆیی رادەگەیێنین
سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا و دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی گشتپرسی، سەربەخۆیی رادەگەیێنن. ئیسپانیاش داوا دەکات سەرۆکی هەرێمەکە رێز لە دامەزراوەکانی وڵاتەکەی بگرێت.

کارلێس پۆژیمۆنت، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا بە "بی بی سی" راگەیاند، دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی گشتپرسی، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەربەخۆیی هەرێمەکەیان و جیابوونەوە لە ئیسپانیا رادەگەیێنن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو وادەیەی سەربەخۆیی هەرێمە حەوت ملیۆن کەسییەکەی تێدا رادەگەیێندرێت، رۆژی دووشەممەی داهاتووە.

میریا بویا، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کاتەلۆنیاش لە توویتەر نووسیویەتی، دوای دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان کە ئەنجامی گشتپرسی تێدا هەڵدەسەنگێندرێت، سەربەخۆیی رادەگەیێنن.

میریا بویا گوتیشی "ئێمە دەزانین کە لەوانەیە کاردانەوەی جۆراوجۆرمان بەرامبەر بکرێت، وەکو سنووردارکردن و دەستگیرکردن، بەڵام ئەو رەوتەی دەستمانپێکردووە بە هیچ شێوەیەک راناوەستێت".

سۆرایا سانتاماریا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا دەکەن رێز لە دامەزراوەکانی بگرێت، چونکە ئەوەی ئەو دەیکات دژ بە دامەزراوەکانی ئیسپانیا و ئەوروپاشن.

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت "داوا دەکەم بەڕێز پۆژیمۆنت دامەزراوەکانی بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەببات کە شایەنیان بێت، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەتەلۆنیانەی کە شایەنی ئەوەنین ئەم شتانە ببینین یانیش بەو شێوەیە ژیان بەڕێبکەن".

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە گشتپرسیی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆیی 2 ملیۆن و 262 هەزار و 424 دەنگ (واتە 42.67% ی سەرجەم دەنگدەران) هەژمارکراون، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 20 هەزار دەنگدەر کە دەکاتە 90% ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا داوە، هەروەها 176 هەزار و 566 کەس کە دەکاتە 7.8%ی بەشداربووان بە "نەخێر" دەنگیان داوە.


رووداو
Top