فەڕەنسا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

 فەڕەنسا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت
فەڕەنسا لە سەرەتای مانگی 10ەوە تا کۆتایی ئەو مانگە، سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەستۆ دەگرێت، چاودێرانیش پێیانوایە فەڕەنسا لەم ڕێگەیەوە پشتیوانی لە کوردستان دەکات.



بەپێی خشتەی سەرۆکایەتیکردنی دەوریی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە سبەی یەکشەممە 1/10/2017ەوە تاوەکوو کۆتایی مانگ، فەڕەنسا سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت. لەمبارەیەوە ئاسۆ کەریم، نووسەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لەبەر ئەوەی بۆ ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایش، فەڕەنسا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنەکە وەردەگرێت، فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی زیاتر جەخت لەسەر سێ خاڵ دەکەنەوە، تاوەکوو کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزی نەکەوێتەوە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە دانوستان و گفتوگۆ، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێن.



هەر لەمبارەیەوە زیرەک کەمال، چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش دۆسیەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستەوەیە، ئەو کاروبارەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست بەڕێوەدەبات، بۆیە دەبینین لە زۆربەی گرفتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا فەڕەنسا بڕیار دەدات، ھەروەک چۆن لە ساڵی ١٩٩١ تا ١٩٩٣ کاریگەری ھەبوو لەسەر کوردستان و عێراقیش، بۆیە بەپێی خشتەی ئەنجومەنی ئاسایش بوونی فەرەنسا لە سەرۆکایەتیکردنی ئەو ئەنجومەنە، بۆ کوردستان زۆر گرنگ دەبێت، چونکە دۆستی کوردە و سیاسەتمەدار و چاودێر و ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتە پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن، ھەموو ئەمانە وادەکات فەرەنسا بەربگرێت لەو بڕیارانەی لەدژی کوردستان دەدرێت، رەنگە ھاتنە پێشەوەی زیاتریان ھەبێت، بەتایبەت سەرۆکی فەرەنسا کە پشتیوانی ڕاستەوخۆی کوردستانە".



زیرەک کەمال جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش ھەیە. گوتیشی: ”بە وەرگرتنی ئەو پۆستە، فەڕەنسا دەتوانێت زۆر گۆڕانکاری بکات، یەکێک لەوانە دانانی سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی عێراقە، دواتر بەردەوامی دان بە ھاوکاری بۆ پێشمەرگە و پشتیوانی لە پرۆسەی داھاتووی کوردستان بۆ سەربەخۆیی“.



لە ساڵی 1991 و دوای ئەوەی سوپای عێراق بەهۆی ڕاپەڕینەوە هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر کوردستان و کۆچڕەوی ملیۆنی لەلایەن کوردەوە ئەنجام درا، فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیازی ناوچەی دژە فڕین و ناوچەی ئارامی کرد و بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان دروست بوو.




باسنيوز
Top