رووسیا داوای بەشداریی کورد لە دانوستاندنەکانی جنێڤ دەکات

 رووسیا داوای بەشداریی کورد لە دانوستاندنەکانی جنێڤ دەکات
حکوومەتی رووسیا داوای بەشداریکردنی نوێنەرانی گەلی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات لە دانوستاندنەکانی جنێڤ.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رۆژی پێنجشەممە 7/9/2017، شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم برۆ لە مۆسکۆ لەگەڵ میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆ بووەتەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، مۆسکۆ پشتیوانیی خۆی بۆ دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی رژێمی سووریا لە جنێڤ، کە نوێنەری کوردیش بەشداریی تێدا بکات.

تاوەکو ئێستا حەوت گەڕی دانوستاندنەکانی جنێڤ لە نێوان رژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕی هەشتەمی دانوستاندنەکان بەڕێوە بچێت.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.












باسنيوز
Top