حکوومەتی فەرەنسا: 271 چەکداری توندڕەوی فەرەنسی گەڕاونەتەوە
جێرارد کۆلۆم، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو 271 توندڕەوە کردووە، کە چوو بوونە ناو گرووپە توندڕەوەکانی عێراق و سووریا.
مەزەندە دەکرێ 700 هاووڵاتیی توندڕەوی فەرەنسی چووبنە ناو رێکخراو و گرووپە توندڕەوەکانی وەک رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەرەی نوسرەی باڵی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە.
جێرارد کۆلۆم هەروەها رایگەیاندووە، لەنێو ئەو توندڕەوە گەڕاوانەدا، کە بەشێکیان دەستگیر کراون، 54 هەرزەکاری تێدایە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا لە مانگی 3ـی 2011، هەروەها لە عێراقیش بەهۆی ناکارایی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، دەیان گرووپی تیرۆریستی دروست بوون، کە هەزاران گەنجی ئەوروپی و وڵاتانی ئیسلامی چوونە ناوی.
باسنيوز