سوپای لوبنان پێگەکانی داعشی بۆردومان کرد
پەیجی دژە تیرۆری کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە کە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5/8/2017، سوپای لوبنان، بە چەکی قورس، تۆپھاوێژ و مووشەک، پێگە و حەشارگەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە گوندەکانی ئەلقاع، رەئس بەعلبەک لە باکووری رۆژھەڵاتی لوبنانی کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی نیشتمانیی لبنان بۆ راگەیاندن، رایگەیاندووە: "تۆپھاوێژەکانی سوپای لبنان بە شێوەیەکی چڕ، پێگەی چەکدارانی داعشیان لە گوندەکانی ئەلقاع و رەئس بەعلبەک بە پاڵپشتی مووشەک ھاوێژەکان بۆردومان کرد، کە بە وردی پێگەکانی تیرۆریستانی داعشیان پێکاوە و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون .
ھاوکات سوپای لوبنان، ھێزی دیکەی ھێنا بۆ ئەو ناوچانەی کە نزیکن لە ھێڵی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە گوندەکانی ئەلقاع و رەئس بەعلبەک بۆ چاودێری جموجوڵیان، ھەروەھا دوێنێ شەو فڕۆکەیەکی سەربازی بۆردومانی جموجوڵی داعشی لە ناوچەیەکە کردووە.
باسنيوز