ترەمپ سزاکانی رووسیای واژۆکرد و مۆسکۆ بە "جەنگی بازرگانی" ناوی دەبات

 ترەمپ سزاکانی رووسیای واژۆکرد و مۆسکۆ بە
سەرباری نیگەرانییەکانی ئەوروپا، سەرۆکی ئەمریکا یاسای سزا ئابوورییەکانی سەر رووسیای پەسندکرد، رووسیاش سزاکان بە "جەنگی بازرگانی" ناودەبات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر ئەو سزایانە کرد کە کۆنگرێسی وڵاتەکەی لەبارەی رووسیا پەسندی کردبوون.

دیمیتری میدڤیدێڤ، سەرۆکوەزیرانی رووسیا لەبارەی سزاکان رایگەیاند، سزاکانی ئەمریکا لە دژی مۆسکۆ "تەواو جەنگێکی بازرگانییە".

میدڤیدێڤ لە توویتێکدا رایگەیاند، واژۆکردنی ئەو یاسایە "شکستێکی گەورەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا" و هەموو هیواکانی بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کۆتایی پێهێنا.

سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش هۆشداری دا لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی لەو چەشنە بەرامبەر واشنتن وەک تۆڵەسەندنەوە.

رووسیا هیواخوازبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڤاشتر بکات. بەڵام یاساکەی کۆنگریس کە ئێستا واژۆی ترەمپی لەسەرە، ئەو هیوانەی نەهێشت.

سزاکانی سەر مۆسکۆ لەدژی دەستوەردانەکانی رووسیان لە کاروباری ئۆکرانیا و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

بەدەر لە رووسیا، هاوکات ئەوروپاش لەو سزایانە نیگەرانە چونکە بەپێی سزاکان ئەو کۆمپانیا ئەوروپیانەش سزادەدرێن کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیادا دەکەن.



رووداو
Top