لە ئێران 30 کچ و کوڕ لە ئاهەنگێکی شەوانەدا دەستگیر کران
بەڕێوەبەرانی پۆلیسی شاری ڕەشت بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە "بەپێی زانیارییەکانمان ئاگادار کراین کەلە ڤێلایەک لە دەرەوەی شار میوانییەکی "غەیرە ئەخلاقی" ڕێک خراوە و پاش گەیشتنمان بە شوێنەکە، 30 کچ و کوڕ بە مەستی و لە کاتی سەماکردندا دەستگیر کراون."
دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە کاتی گێڕانی میوانیی شەوانە لە شارە جیاجیاکانی ئێران ساڵانێکە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، بەڵام ئەو سزا و حوکمانەی کە لەلایەن دادگاکانەوە دەردەکرێت، دەبنە سەرچاوەی هەواڵ و دژکردەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
بە گوتەی غوڵامحوسێن موحنسی ئیژەیی، جێگری یەکەمی دەزگای دادوەریی ئێران، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو میوانی و یانە شەوانانە بۆ کچان و ئامانجدار و دەستێکی لە پشتە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی ئیسفەهان، تاران، مەشهەد و شیراز نزیکەی 300 کەس کە زۆربەیان کچ و کوڕ بوون لە چەندین میوانی و ئاهەنگی شەوانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.