هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوردەن بەردەوامە و 1260 کەس خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید دەکەن
سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016، هاووڵاتییانی ئوردن چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان لە 12 بازنەی هەڵبژاردن، بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمانی وڵاتەکەیان.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی مافی بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردن هەیە بریتییە لە 4.2 ملیۆن هاووڵاتیی ئوردنی.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوردندا، 1260 کاندید کێبڕکێ بۆ بوون بە پەرلەمانتاری وڵاتەکەیان دەکەن، کە لە 130 کورسی پێکدێت.
پەرلەمانی پێشوو بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی دا لە 150 کورسییەوە بۆ 130 کورسی، کە 103 کورسی بە هەڵبژاردنی گشتی دیاری دەکرێن و 27 کورسیش بۆ کۆتاکان دانراوە.
ئوردن وڵاتێکی عەرەبییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەوتووە نێوان وڵاتانی سووریا، عێراق، سعودیە و ئیسرائیل و سیستەمی حوکمڕانییەکەی بریتییە لە سیستەمی مەلەکی (شا کەسی یەکەمی وڵاتە).
باسنيوز