كۆنگۆ؛ خۆپیشاندانێك دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك 17 كوژراوی لێكەوتەوە

كۆنگۆ؛ خۆپیشاندانێك دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك 17 كوژراوی لێكەوتەوە
لانیكەم 17 كەس كوژران كە سیانیان پۆلیسن لە خۆپیشاندانێكدا دژی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی كۆنگۆ لەشاری كینشاسای پایتەختی ئەو وڵاتە.

خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ لەلایەن هەزاران هاوڵاتی بەڕێوەچووە بۆ فشارخستنەسەر جۆسێف كابیلا سەرۆكی كۆنگۆ كە لەمانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ وادەی ویلایەتی سەرۆكایەتیەكەی كۆتایی دێت‌و بەنیازی درێژكردنەوەیەتی، ئەوەش بەپێی رۆیتەرز.

ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە سەرۆكەكەیان تۆمەتباردەكەن بەوەی پیلانی داناوە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی بڕیاربوو لەمانگی تشرینی دووەمدا ئەنجامبدرێت دواخرا بۆ لانیكەم ساڵی داهاتوو، ئەوانیش ئەوەیان رەتكردەوە.

بەوتەی كاودی پیرۆ لاورا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی كۆنگۆ لەخۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا 17 كەس كوژراون كە سیانیان پۆلیسن‌و ئەوانی دیكە هاوڵاتی مەدەنی بوون.

پێشتر رۆیتەرز لەزاری شایەتحاڵەكانەوە بڵاویكردبووەوە كە ژمارەیەك لەخۆپیشاندەران لاشەی پۆلیسێكیان سوتاندوە لەكاردانەوەی تەقەكردنی پۆلیس بەڕووی خۆپیشاندەراندا.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەكەن كە دەیان خۆپیشاندەرو رۆژنامەنوس لەپایتەخت‌و چەند شارێكی دیكەی كۆنگۆ دەستگیركراون كە ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان تێدا بەڕێوەچووە.

لەخۆپیشاندانێكی هاوشێوەشدا ساڵی رابردوو دژی سەرۆكی كۆنگۆ دەیان كەس كوژران.

ئەو وڵاتە ئەفەریقییە هەرگیز دەستاودەستكردنێكی ئاشتییانەی دەسەڵات تێیدا ڕووینەداوە، ئێستاش هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ترسیان لەوەهەیە ناكۆكییەكان پەرەبسێنیت بۆ ململانێی سەربازیی ناوخۆیی.

جۆسێف كابیلا دوای 10 رۆژ لەتیرۆركردنی باوكی لەكانوونی دووەمی 2001ەوە سەرۆكی كۆنگۆیە.

لەساڵی 2006 دەستوور بۆ ئەو وڵاتە دانراو ویلایەتی سەرۆك بۆ دوو خولی 5 ساڵی دیارییكرا، دوای ئەوەی لەساڵی 2006 وەك سەرۆك هەڵبژێردرا، دواتر لە 2011 بۆ خولی دووەم كرایەوە بە سەرۆك‌و كۆتایی ئەمساڵ ویلایەتەكەی كۆتایی دێت.


خەندان-
Top