فرانسوا ئۆلاند: تیرۆریستان شەڕیان دژی حكومەت و گەلی فەرەنسا راگەیاندووە
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پاریسی پایتەخت گوتارێکی بەبۆنەی هێرشەكانی پاریس و یادکردنەوەی قوربانییەکان پێشکەشکرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ یادی قوربانییەکانی دەستی تیرۆر دەکەینەوە کە لەپاریس هێرشیان ئەنجامدا و خەڵکی ئێمەیان کردە قوربانی، بۆیە دوژمنەکانی ئێمە ئەگەر داعش بن یان قاعیدە یەک ئامانجیان هەیە".
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتیشی "گرووپە تیرۆریستییەکان لە ساڵی 2012ـەوە شەڕیان دژی حکومەت و خەڵکی فەرەنسا راگەیاندووە و ئێمەش بەهەموو هێزەوە بەرەنگاریان دەبینەوە، بۆیە دەبێت لەدوای هەر هێرشێکی تیرۆریستی بەدوای هۆکار و پاڵنەرەکانیدا بگەڕێن بۆ ئەوەی چارەسەر و هۆکارەکان بدۆزینەوە".
فرانسو ئۆلاند راشیگەیاند "وشەی تیرۆر لە نێو یاساکانی ئێمەدا نەبووە بەڵام شەڕی تیرۆر یەخەی گرتووین و ئێمەش بەرەنگاری دەبینەوە. قوربانییەکانی دەستی تیرۆر هەرگیز لەبیرناکەین و لە یادماندا بەزیندوویی دەمێننەوە".
رووداو-