گومانلێكراوی تەقینەوەكەی نیویۆرك دەستگیركرا

گومانلێكراوی تەقینەوەكەی نیویۆرك دەستگیركرا
گومانلێكراوی تەقینەوەكەی شاری نیویۆركی ئەمریكا دوای رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ پۆلیس دەستگیركرا.

پێشتر دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا ناسنامەی‌ ئەو كەسەی‌ ئاشكراكردبوو كە لەپشت تەقینەوەكەی مانهاتنەوەبووەو سەرۆكی‌ شارەوانی‌ نیویۆركیش رایگەیاندبوو تەقینەوەكە تیرۆریستی‌ بووە.

دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا (FBI) ئەمڕۆ ناسنامەی هاوڵاتییەكی ئەمریكی بە ڕەچەڵەك ئەفغانی بڵاوكردەوە كە لەپشت تەقینەوەكەی رۆژی 17ی سێپتەمبەری مانهاتنەوە بووە .

كەمێك پێش ئێستاش میدیاكانی ئەمەریكا لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەستگیركردنی ئەو گومانلێكراوەیان راگەیاند لە ناوچەی لیندن لەویلایەتی نیوجێرسی دوای ئەوەی رووبەڕووی پۆلیس بووەتەوەو بەفیشەك پۆلیسێكی برینداركردووە.

ئەو هاوڵاتییە ناوی ئەحمەد خان ڕاهامیەو تەمەنی 28 ساڵە، هاوڵاتییەكی ئەمریكی بە ڕەچەڵەك ئەفغانییە، دواترین ناونیشانی نیشتەجێبوونی ئەو كەسە لەشاری ئەلیزابێس لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریكا بووە.

رۆژی 17ی ئەم مانگە لەگەڕەكی مانهاتنی نیویۆرك تەقینەوەیەك ئەنجامدار كە بەهۆیەوە لانیكەم 29 كەس برینداربوون كە برینی‌ یەكێكیان سەختە، دەزگا ئەمنییەكانی ئەمریكا دەڵێن ئەحمەد خان لەپشت ئەو تەقینەوەیەوە بووە.

پێشتر پێگەی‌ (سی ئێن ئێن) ی‌ ئەمریكی‌ لەزاری‌ چەند سەرچاوەیەك لە دەسەڵاتدارانی‌ جێبەجێكردنی‌ یاساوە بڵاویكردبوەوە، لەكاتی‌ گەڕانی‌ پۆلیس بۆ پشكنینی‌ دەوروبەری‌ شوێنی‌ تەقینەوەكە، شتێكی‌ هاوشێوەی‌ مەنجەڵی‌ بوخار كە بەوایەر پەیوەستكراوە بە مۆبایلێكەوە دۆزراوەتەوە.

ئەو تەقینەوەیە دوای‌ چەند كاتژمێرێك هات لەتەقینەوەی‌ بۆمبێك لە ویلایەتی‌ نیوجیرسی‌ لە ناوچەیەك كە گریمانەی‌ ئەوەی‌ لێدەكرا بەشداربووانی‌ پێشبڕكێیەك بەو شوێنەدا تێپەڕن.

سەرۆكی شارەوانی شاری نیویۆركی ئەمریكا ڕایگەیاند لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە تەقینەوەكەی رۆژی شەممەی گەڕەكی مانهاتن چێلسیای نیویۆرك بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە "تیرۆریستی" بووە.


خەندان-
Top