ئەمەریکا بەبڕی 38 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئیسرائیل دەکات

ئەمەریکا بەبڕی 38 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئیسرائیل دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بڕی 38 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەریشدا سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بە هەندێک سازش دەکات، لە ڕێکەوتنێکی نوێدا کە لە مێژووی ئەمەریکادا هاوشێوەی نییە.

بەپێی رێکەوتنەکە کە ماوەیەکە شاندی هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و دوێنی واژۆکرا، ئەمەریکا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بەبڕی 38 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئیسرائیل دەکات، لە مێژووی ئەمەریکادا رێکەوتنی لەو جۆرە هاوشێوەی نییە کە ئەو وڵاتە بەو بڕە پارە زۆرە هاوکاریی سەربازیی وڵاتێکی دیکەی کردبێت. ئەوەش بەپێی رۆیتەرز.

بەپێی رێکەوتنەکە، پێویستە ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا بە دوای هاوکاریی دارایی زیاتردا نەگەڕێت جگە لەو بڕەی بەپێی رێکەوتنەکە ساڵانە بۆی دابینکراوە. هەروەها رێکەوتنەكه‌ وردە وردە کۆتایی دەهێنێت بەرێکەوتنێکی پێشووتر کە رێگای بەئیسرائیل دەدا بەشێک لە هاوکارییە داراییەکانی ئەمەریکا لە پیشەسازیی بەرگریی خۆیدا بەکاربهێنیت لەبری کڕینی چەکی ئەمەریکی.

سەرەڕای رێکەوتنەکە، بەڵام هێشتا ئەمەریکاو ئیسرائیل لەسەر رێکەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و کێشەی فەڵەستین ناکۆکن.

سەرۆک وەزیرانی ئسیرائیل بنیامین ناتانیاهۆ پێی وابووە باشتر وایە لەگەڵ ئۆبامادا رێکبکەوێت تا هیوا بخوازێت بە ئیدارە نوێیەکەی ئەمەریکا کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت.

رێکەوتنێکی لەم شێوەیە چیتر تەمومژ لەسەر ئایندەی ئیسرائیل ناهێڵێت ئه‌گەر هەر سەرۆکێکی نوێ بچێتە کۆشکی سپی، ئەوان پێشتر بەرگریی خۆیان بەهێزکردووە.

پێشتر رێکكەوتنێکی هاوشێوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبووە و ئەمەریکای پەیوەستکردووە بە پێدانی 30 ملیار دۆلار بەئیسرائیل، ئەو رێکەوتنە لە کۆتایی 2018 کۆتایی دێت و رێکكەوتنە نوێیەکە شوێنی دەگرێتەوە لە 2019 تا 2028.

پەیوەندی ئەمەریکا-ئیسرائیل پەیوەندییەکی لە مێژینەیە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948 و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەو کاتەدا ئەمەریکا لە یەکەمین وڵاتەکان بوو کە دانی بەو دەوڵەتەدا نا.

دواتریش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پەیوەندییەکان پتەوتربوون لە زۆرینەی ئەو شەڕانەی ڕووبەڕووی ئیسرائیل بووەتەوە ئەمەریکا پاڵپشتی راستەوخۆی ئەو وڵاتەی کردوە.









خه‌ندان-
Top