UN داوای ڕاگرتنی كۆمەڵكوژییەكانی حەشدی شەعبی لە فەلوجە دەكات

UN داوای ڕاگرتنی كۆمەڵكوژییەكانی حەشدی شەعبی لە فەلوجە دەكات
لە بەیاننامەیەكدا یان كۆبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای لە هەموو لایەنە ناكۆكەكانی عێراق كرد هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پابەندبوون بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بخەنەگەڕ و پێشێلكارییەكانی میلیشیاكان دژ بە خەڵكی سڤیل لە فەلووجە راگرن.


هاوكات نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ نیگەرانی خۆی لەمەڕ ئەو راپۆرتانە دەربڕی كە ئاماژە بە پێشێلكاری دژ بەو خەڵكە سڤیلە دەكەن لە شەڕی نێوان هێزەكانی حكوومەت و داعش لە شاری فەلووجە.


داوایشی لە كاربەدەستانی عێراق كرد كە لێكۆڵینەوەی ئەمنی لەگەڵ ئەو خەڵكە سڤیلانەدا دەكەن كە ناوچەی شەڕ لە فەلووجە بەجێ‌ دەهێڵن، گەرەنتی ئەوە بدەن ئەو پرۆسەیە بە زووترین كات بكرێ و بەشێوەیەك بێت لەگەڵ پرەنسیپە مرۆییەكاندا بگونجێ، لەگەڵ بەدواداچوونی تۆماركردنی ناو و ژمارە و شوێنی ئەوانەی دەستگیر دەكرێن و بەرپرسیارییەتی لەمەڕ ئەوەی پێشێلكارییان بەرانبەر نەكرێ.


كۆبیش ئاماژەی بەوەش كردووە كە شەڕی فەلووجە شەڕی هەموو عێراقییەكانە و نابێت بە پێشێلكاری مافی مرۆڤ و پێشێلكردنی شكۆی خەڵكی بە تایبەتی لە رووی ئایینزاوە بشێوێنرێ و داوای لە هەموو لایەنەكانی عێراق كرد بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست فەلوجە لە چنگی داعش رزگار بكەن و خۆیان لە ورووژاندنی هەستی تایەفەگەری بەدوور بگرن.
Top