فرانسۆ هۆلاند: مه‌ترسی هێرشی تیرۆریستی‌ له‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌

فرانسۆ هۆلاند: مه‌ترسی هێرشی تیرۆریستی‌ له‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا هه‌یه‌
فرانسۆ هۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا ئاگاداریی خۆی لەبارەی بوونی مەترسیی هێرشی تیرۆرستیی لەسەر پاڵەوانێتیی تۆپی پێی یۆرۆی 2016 راگەیاند.

فرانسۆ هۆلاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی فرانس ئینتەر وتی :" مەترسیی هێرشی تیرۆرستی لەسەر یۆرۆی 2016 هەیە، بەڵام ئەمە نابێت بمانترسێنێت و پێویستە هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین، تاکو پاڵەوانێتیی تۆپی پێی یۆرۆی ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت".

فەڕەنسا بەگشتی و پاریسی پایتەخت بە تایبەتی، لە دۆخی ئامادەباشیی ئەمنیی تەواودان، ئەمەش بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی تیرۆرستیی پێشبینی نەکراو لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2016دا، کە بڕیارە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوامبێت و هەینیی داهاتوو (10ی حوزەیران) یەکەم یاری پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەبچێت.

هێرشەکانی کانونی دووەمی ئەمساڵ و تشرینی دووەمی ساڵی رابردووی فەڕەنسا باری نائاسایی لەو وڵاتەدا بۆ ئاستێکی بەرچاو بەرزکردەوە، لە دوای ئەم هێرشانەوە مەترسی لەسەر تەواوی مەراسیمە نێودەوڵەتیەکانی ناو وڵاتەکە دەکرێت و رێوشوێنە ئەمنییەکان زۆر توندتر کراون.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دایە هاوڵاتیانی وڵاتەکە و لە سەردانکردنی ئەوروپا ئاگاداریکردنەوە، کە تیایدا ئاماژەکرابوو بەوەی "لە هاوینی ئەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری بیانی، بە مەبەستی ئامادەبوون لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی یۆرۆی 2016ی فەڕەنسادا سەردانی ئەوروپادەکەن، کۆبوونەی ئەم ژمارە زۆرە، مەترسیی هێرشی تیرۆرستان و گروپە توندڕەوەکان زیاد دەکات".
Top