دوا مانگەكانی ئۆباما و ریفراندۆمی كوردستان

دوا مانگەكانی ئۆباما و ریفراندۆمی كوردستان
*بەدرێژایی ئه‌و چەند دەیەی رابردوو، سیاسەتی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەراست لەسەر سێ بنەما هەڵچندرا بوو، (دژایەتی كردنی پرۆژەی نەوەوی ئێران ـ پشتیوانی و سەلامەتیی ئیسرائیل ـ پارێزگاری لە وڵاتانی سەرچاوەی وزە)، لەوەی دواییان مەبەست وڵاتانی كەندا و بوو. دوای هاتنە سەركاری باراك ئۆباما، گۆڕانكاری، بەتایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا، روویدا و ئەولەویەتی لە كەنداوەوە گۆڕی بۆ حەوزی وڵاتانی زەریای هادی، لە سەرووشیانەوە چین و كۆریای باشوور و تایوان و....تاد.

لەمەڕ دۆسێی ئەتۆمیی ئێرانیش، رێكکەوتنێك لە مابێن خۆرئاوا بەسەر دەستەیی واشنتۆن مۆركرا و بەو پێیەی گەمارۆی ئابووری هەستا و دەشبینین رۆژانە تاران چۆن دەخالەت لە یەمەن و لوبنان و بەحرێن و عێراق دەكات، كە ئەمەی دواییان وایكردووە شكۆیەك بۆ مالكی و پاشان عەبادی نەمێنێت و، ئەمریكاش دەنگ ناكات. دەربارەی ئاسایشی ئیسرائیل بۆ ئۆباما ئاسان نییە پشتی تێ بكات، بەڵام وەكو پێشوو نە لەبواری دانوستانیان لەگەڵ هاوتا فەلەستینیەكان و نە فرۆشتنی چەك، وەكو جاران نییە و تەنانەت جارجار گرژی بەرچاو دەكەوێتە نێوان سیاسیەكانیان.

*ئۆبامای سەرۆك، نزیكەی شەش مانگی ماوە لە كۆشكی سپی، رێكیش نەكەوتووە، (تاكو تەرا نەبێ)، هیچ سەرۆكێكی ئەو وڵاتە لە كۆتایی ماوەكەی بڕیاری چارەنوسساز و یەكلاكەرەوە دەربارەی دۆسێ ئەستوورەكان، بەتایبەت كۆریای باكوور و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەربكات. بۆیە، چاوەڕێ ناكرێ ئاریشەی سوریا بێتە واری یەكلایی بوونەوە بەو پێیەی تەواو سارد بۆتەوە و وڵاتانی دەوروبەر بەوپەڕی قورسایی رۆڵ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەگێڕن. ئەمە وێڕای سەنگی روسیا، كە ڕێ نادات بەشار ئەسەد بڕووخێ و، بەهاوبەشیی ئێران و حزبوڵڵا، گەورەترین جبەی سەربازیان خستووە و جارجارەش لە دژی توركیا هاوكاریی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە فۆڕمی سوپای سوریای ئازاد دەكەن.
*لەو سۆنگەوە، دەمەوێ بڵێم: ئۆباما تاكە ئاواتی ئەوەیە لەو ماوە كورتەی ماویه‌تی، رووسورانە دەربچێ و رەقە و موسڵ لە دەستی داعش رزگار بكات، ئەمەش بۆ پشتیوانیی هیلاری كلنتۆن، كە لە ئەجیندای خۆی لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن سوودی لێ ببینێ.

*خاڵێكی گرنگی تر، لەسەروبەندی حاكمداریی ناوبراو، ریفراندۆمی كوردستانە. سەرۆك بارزانی لەمبارەوە گوتی: هیوادارین ئەمریكا پشتیوانمان بێت، گەر نا هیچ نەبێ دژمان نەوەستێ. من خۆم پێموایە لەبەرایی پرۆسەكە واشنتۆن دژ نابێ و بێ دەنگییەكی هەستیارانە هەڵدەبژێرێ، ئیتر دوای ئۆباما، دۆناڵد ترامپ (كە زۆر تەمومژاویە و ئاسان نییە بیخوێنینەوە) چۆن هەڵوێست وەردەگرێ (گەر دەربچێ) بابەتێكە دەبێ كاتی خۆی قسە بكەین. بەڵام، رەوتی رووداوەكان و سەركەوتنی پێشمەرگە و پێكەوە ژیانی شەرەفمەندانەی نەتەوە و ئایین و ئاینزاكان لە كوردستان، كە نزیك ملیۆنن، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە نە هیلاری و نە ترامپ دژی كورد و كوردستان نەوەستنەوە. لە هەمبەر وڵاتانی كەنداو و ئێرانیش، بێگومان دەبێ پڕۆژە و فایلیان هەبێ بۆ قۆناغی دوای باراك ئۆباما، گەر نا ئەستەمە بتوانن لەو گێژاو و ئاشووبەی ناوچەكە بەسەلامەتی دەربچن.
Top