ئۆلاند: ئەگەری شەڕی نێوان توركیا و رووسیا زیاتر دەبێ

ئۆلاند: ئەگەری شەڕی نێوان توركیا و رووسیا زیاتر دەبێ
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر زیادبوونی چالاكییەكانی توركیا لە سووریا دەربڕیی و پێی وایە زیادبوونی دەستێوەردانی توركیا لە سووریا ئەگەری شەڕی نێوان رووسیا و توركیا زیاتر دەكات.

فرانسوا ئۆلاند رایگەیاند: "توركیا ئێستا ھەڵمەتی سەربازیی لە سووریا ئەنجامدەدات و بەمەش مەترسیی روودانی شەڕی نێوان توركیا و رووسیا خێراتر و زیاتردەبێ بۆیە ئێمە لێرە لە ئەنجوومەنی ئاسایش كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین توركەكان نابێت ھەرچییەك ئارەزووی بكەن، ئەنجامی بدەن".

فرانسوا ئۆلاند گوتیشی: "ئەمریكا نایەوێت وەك جاران لە ھەموو شوێنێك ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات، بۆیە بە ھێواشیی بەرژەوەندییەكانی و چالاكییە سەربازییەكانی لە سووریا كەمدەكاتەوە، ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی پێیان وایە ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی فشار بخاتە سەر رووسیا، ئەوە رووسیا پاڵپشتیی بەشار ئەسەد ناكات".

ماوەیەك لەمەوبەر توركیا داوای كرد ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش لەگەڵ ھاوپەیمانەكانی لە سووریادا ئەنجامبدات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە تاكە رێگە بۆ وەستانی شەڕ لە سووریا، رێگەی سەربازییە.

بەڵام ئەمریكا بە پێچەوانەی خواستەكانی و ھەرچەندە لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەدە، دەیەوێت كەمترین بوونی لە سووریا ھەبێت.

فەرەنسا ركابەرێكی سەرسەختی رژێمەكەی ئەسەدە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە رووسیا دەكات بەشێك بێت لەو چارەسەرەییەی كە لە ھەوڵدان بۆ شەڕی سووریا بیدۆزنەوە.

لە كاتێكدا رووسیا پاڵپشتیی رژێمەكەی ئەسەد دەكات و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە سووریا، رووسیا و حكوومەتی بەشار ئەسەد تۆمەتباردەكەن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە وڵاتەكەیان.











K24
Top