بووش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکشێتەوە

 بووش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکشێتەوە
کاندیدێکی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکانی هەلبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی راگەیاند.



”جێب بووش“، کاندیدێکی پارتی کۆماری، کە پێشووتر ”جۆرج بووش“ی باوکی و ”جۆرج دەبلیو بووش“ی برای سەرۆکی ئەمریکا بوون، بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتەکەی لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، ئەم بڕیارەی داوە.



جێب بووش لە وتاری وازهێنانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە هاووڵاتییانی ئەمریکا لە ویلایەتەکانی ئیوا، نیوهامیشایر و کارۆلینای باشوور بڕیاری خۆیان دا و کاندیدێکەی دیکەیان بە باش زانی، ”بۆیە کشانەوەی خۆم لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رادەگەیەنم“.



بە کشانەوەی ئەو کاندیدە، ئێستا پێنج کەس کاندیدن بۆ بوون بە پاڵێوراوی پارتەکەیان، کە بریتین لە (دۆناڵد ترەمپ، تێد کرتۆز، مارکۆ رۆپیۆ، جۆن کاسیتچ و بن کارسۆن) و بە پێی زانیارییەکان، دۆناڵد ترەمپ بەهێزترین شانسی هەیە بۆ بوون بە پاڵێوراوی کۆمارییەکان.



جێب بووش لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا، چەند جارێک باسی هاوکارییکردنی کوردستانی باشووری کردووە و داوای دەکرد هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش پڕچەک بکرێت.



لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2016، هاووڵاتییانی ئەمریکا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.














باسنیوز
Top