دیمستۆرا: به دوای چارەسەری بەپەلەدا دەگەڕێن بۆ سووریا

 دیمستۆرا: به دوای چارەسەری بەپەلەدا دەگەڕێن بۆ سووریا
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا، رەخنە لە توركیا دەگرێت و پێی وایە كە هەموو شتێكی تێكداوە و لەبەر ئەو سیاسەتە خراپەی لە سووریا ئەنجامی دەدات، رەنگە هەموو شتێك لە كۆنتڕۆل دەربچێت.


"ستیڤان دیمەستورا" نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (سڤانسكا)ـی سویسری دەڵێت توركیا بە تۆپبارانكردنی یەپەگە كە هێزێكی كوردی بەهێزە بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش، وامان لێدەكات بە دوای چارەسەری بەپەلەدا بگەڕێن بۆ سووریا.


ئەو دەڵێت: "توركیا هەموو شتێكی تێكوپێك داوە، چارەسەركردنی كێشەی سووریای خراپتر كردووە. توركیا وای كردوە كە سووریا بەردەوام بەرەو خراپی بڕوات و ئەگەر هەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتەی، ئیدی چارەسەركردنی سووریا لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و دەبێت ئەوەش هەست پێ بكەین، كە ئەگەر كێشەی سووریا هەر وا بەردەوام بێت، ئیدی شەڕی وەكالەتی وڵاتان لە سووریا زیاتر سەخت دەبێتەوە".


هەروەها لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەی كە بەنیازن لە 25ی ئەم مانگە لە جنێف بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوەخۆی سووریا ئەنجام بدرێت، پێی وایە "ئیدی تۆپەكە لەلای رووسیا و ئەمەریكایە و پێویستە بە شێوەیەكی جیدی كار بۆ چارەسەركردنی بكەن، نەتەنیا بە قسە بڵێن وا دەكەین و وا ناكەین."


دیمەستورا پێی باش نییە لەو كۆبوونەوەیەی كە 25 ئەم مانگە لە جنێف دەبەسترێت توركیا داوەت بكرێت و ئەو دەڵێت توركیا هۆكاری كێشەكانە.





باسنیوز
Top