ئۆباما بۆ ئەردۆغان: خۆڕاگر به و تۆپباران لە ناوچەکە بوەستێنە

 ئۆباما بۆ ئەردۆغان: خۆڕاگر به و تۆپباران لە ناوچەکە بوەستێنە
سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا بەهەمان شێوەی تورکیا نیگەرانە لەبارەی شەڕی سووریا و بڕیاریشی داوە هاوکار بێت.

رۆژی هەینی 19/2/2016 باراک ئۆباما و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی یەک کاژێر و 20 خوولەک بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ئەنقەرە لەمبارەیەوە رایگەیاند" باراک ئۆباما بە سەرۆکی تورکیا گوتووە کە تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربریوە لە پێشڕەویکردنی کوردانی سووریا لە نزیک سنووری تورکیادا".

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی لەمبارەیەوە ئۆباما بۆ ئەردۆغان جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی " هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نابێت هەل بقۆزنەوە و دەست بەسەر خاکی زیاتردا بگرن".

بەپێی راگەیەندراوەکە " ئۆباما داوای لە تورکیا کردووە کە " خۆڕاگر بن و تۆپباران لە ناوچەکە بوەستێنێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەیانی رۆژی هەینی 19/2/2016 ئەردۆغان گوتی " ئەو چەکانەی ئەمریکا وەکو یارمەتی بە میلیشیا کوردییەکانی داوە لەلایەن ئەوانەوە لە دژی خەڵکی سڤیل بەکارهاتوونە"، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە وەکو هاوپەیمانێکی باش سەیری هێزەکانی یەپەگە لە شەڕی دژی داعشدا، هەرزوو رایگەیاند " ئەمریکا هیچ جۆرە چەکێکی وەکو یارمەتی بەو گرووپە نەداوە".

هەرچەندە تورکیا یەپەگەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی شەوی چوارشەممەی ئەنقەرە تۆمەتبار کرد، کە تێیدا 28 کەس کوژران، بەڵام رێكخراوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەنقەرەی لەئەستۆگرت و وێنە و ناوى خۆکوژەکەی بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوێکیشدا باسی لەوە کرد" تەقینەوەکە لە تۆڵەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان ئەنجامدراوە".

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە سەرۆکی ئەمریکا سەرەخۆشیشی لە سەرۆکی تورکیا کردووە بەهۆی تەقینەوەکەی ئەنکەرەوە.

پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە چی دەگوزەرا؟

ئەردۆغان پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە ئیستەنبوڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند کە ئەو "دڵتەنگە بەوەی رۆژئاوا رەتی دەکاتەوە بە میلیشیا کوردییەکانی سووریا بڵێت تیرۆرست"، هەروەها خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکای رووندەکاتەوە کە چۆن ئەو چەکانەی ئەمریکا وەکو یارمەتی دەیاننێرێت یارمەتی ئەوانی داوە.

ئەردۆغان گوتی " بە ئۆباما دەڵێم، سەیرکە چۆن و لەکوێی ئەو چەکانەی تۆ ناردونت بەکارهاتوون"، هەروەها گوتی " چەند مانگێک پێشتر پێم گوت کە ئەمریکا چەک بە یارمەتی دەنێرێت و کاتێکیش ئەو چەکانە گەیشتوون نیوەیان کەوتووەتە دەستی داعش و نیوەکەی دیکەشیان کەوتوونەتە دەستی پەیەدە، بەڵام ئایا ئەو چەکانە لە دژی کێ بەکارهاتن؟ چەکەکان لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکارهاتن و بوونە هۆی گیانلەدەستدانیان".

بەڵام کۆشکی سپی لە راگەیەندراوەکەیدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکانی هەردوو وڵات، ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئەردۆغان ئەو باسەی لەگەڵ ئۆباما کردووەتەوە یان نا.









رووداو
Top