دوای ٤٣ ساڵ زیندانی ئەلبێرت ودفۆکس ئازاد کرا

دوای ٤٣ ساڵ  زیندانی ئەلبێرت ودفۆکس ئازاد کرا
ئەلبێرت ودفۆکس پاش بەسەربردنی ٤٣ ساڵ لە زیندانی تاکە کەسیدا لە ئەمریکا ئازاد کرا.

ئەلبێرت ودفۆکس لە ساڵی ١٩٧٢دا بە تاوانی کوشتنی پاسەوانێک بە ناوی برێنت میلەر خرایە زیندانی تاکە کەسییەوە، پاش بەسەربردنی ٤٣ ساڵ لەو زیندانەدا، دوێنێ هەینی ١٩ی شوباتی ٢٠١٦ لە ویلایەتی لویزیانا ئازاد کرا.

ودفۆکس کۆتا زیندانی گروپی "ئەنگۆلا سێ" بوو بۆ بەسەربردنی زۆرترین ماوە لە زیندانی تاکە کەسیدا.

ئەلبێرتی تەمەن ٦٩ ساڵ پێش مردنی میلەر بە تاوانی دزی و هێرشکردن خرابووە زیندانی نەنگۆلا لە لویزیانا، لەو کاتەدا بە تۆمەتی دەستهەبوون لە کوشتنی میلەردا خرایە زیندانی تاکە کەسییەوە.

بەپێی ئەو تۆمەتەی خرابووە پاڵی، ئەلبێرت لەدواوە پەلاماری میلەری داوە و زیندانییەکانی تریش لە پێشەوە بە چەقۆ و چیمەن بڕ هێرشیان کردووەتە سەر و کوشتویانە.

پارێزەرەکانی ودفۆکس ئاماژەیان بەوە کرد، ڕۆژانە ودفۆکس ٢٣ کاتژمێری لە زینداندا بەتەنهایی بەسەر دەبرد.

ودفۆکس یەکێک بوو لەو سێ زیندانییەی کە زۆترین ماوەیان لە زیندانی تاکە کەسیدا بەسەر برد، ئەوانیش رۆبێرت کینگ و هێرمان والاس بوون، کە یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٠١ و ئەوەی تریشیان لە ٢٠١٣دا ئازاد کران.
Top