سەرۆک وەزیرانی لوبنان و حەریری لە بڕیارەکەی سعودیە نیگەرانن

 سەرۆک وەزیرانی لوبنان و حەریری لە بڕیارەکەی سعودیە نیگەرانن
سەرۆک وەزیرانی لوبنان و سەرۆکی رەوتی موستەقبەل لەو وڵاتە، نیگەرانیی خۆیان لەبارەی بڕیارەکەی سعودیە نیشان دا و حزبوڵڵاش پێیوایە سعودیە پاڵپشتیی تیرۆر دەکات.



لە بەیاننامەیەکدا، کە دوای بڕیارەکەی سعودیە لە میدیاکانی حزبوڵڵای لوبنانی بڵاوکراوەتەوە، ئەو حزبە رایدەگەیەنێت، کە سعودیە ئەو بڕیارەی لەمێژە داوە و "ئێمەش ئاگادارین".



حزبوڵڵا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو بڕیارەی سعودیە بەهۆی سیاسەت و راگەیاندنی ئەو حزبەوە نییە، بەڵکو "بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و رووبەڕووبوونەوەی سعودیەیە بۆ باری سکهەڵگوشین و پاڵپشتیی ئەو وڵاتەیە لە تیرۆر".



"سەعد حەریری"، سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان و سەرۆکی رەوتی موستەقبەل رایگەیاندووە، کە ئەو هەنگاوەی سعودیە "پێشینەی نەبووە" و لوبنان بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی حزبوڵڵا دەدوورێتەوە، کە خۆی لە "دەرچوونی ئەو وڵاتە لە کۆدەنگیی عەرەبی دەبینێتەوە". هاوکات داوا لەسعودیە دەکات "بە چاوی برا گەورە" لە وڵاتەکەی بڕوانێت و دڵنیاشە ئەو وڵاتەیە، هاوکارییەکانی بۆ گەلی لوبنان راناگرێت.



سەعد حەریری پێیوایە سعودیە و وڵاتانی کەنداو لە مێژووی نزیک و دووردا بەردەوام هاوکاریی لوبنانیان کردووە، بەڵام حزبوڵڵا "ناشیریترین هەڵمەتی سیاسی و راگەیاندن لە دژی ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدات".



سەرۆکی رەوتی موستەقبەل هۆشدارییش دەداتە حزبوڵڵا و رایدەگەیەنێت، "ئەوەی پێیوایە لوبنان رۆژێک لە رۆژان دەبێتە ویلایەتێکی ئێران، ئەوە لە خەیاڵدا دەژی و خۆی بەرەو لەناوچوون دەبات".



هەرچەندە "تەمام سەلام"، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەم بڕیارەی سعودیە بە "بڕیارێکی سەروەریی سعودیە" دەزانێت، بەڵام داوا لە دەسەڵاتدارانی سعودیە دەکات، بارودۆخەکە نەبەنە ئەو راددەیە و پەیوەندییە "برایی، دۆستایەتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان" وەک خۆیان بمێننەوە.



رۆژی هەینی 19ـی شوباتی 2016، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە بەهۆی دەرچوونی لوبنان لە کۆدەنگیی وڵاتانی عەرەبی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەلایەن حزبوڵڵاوە، "هەموو هاوکارییە سەربازی و داراییەکانمان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان رادەگرین".



حزبوڵڵا، حزبێکی شیعە مەزهەبی لوبنانییە و پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و پشتگیریی شیعەکانی یەمەن، عێراق، سوریا و بەحرەین دەکات، لەکاتێکدا سعودیە دژایەتییەکی سەختی بەرەی ئێران و شیعە دەکات.



باسنیوز
Top