دیمستۆرا: گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا پێویستییەکی سەرەکییە

 دیمستۆرا: گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا پێویستییەکی سەرەکییە
دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو 12-2-2016، نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمین کۆبوونەوەی بەمەبەستی گەیاندی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی سووریا لە جنێڤ ئەنجامدا، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 18-2-2016 دووەمین کۆبوونەوەی خۆی بۆ هەمان مەبەست ئەنجامبدات.

ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکیدا کە رۆژی چوارشەممە 17-2-2016 بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە: "بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دووەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی گەیاندی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ شارە گەمارۆدراوەکانی سووریا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەبچێت".

راگەیێندراوەکەی دیمستۆرا ئاماژەی بەوەکردووە کە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا بەتەنیا گرینگ نین، بەڵکو پێویستییەکی سەرەکیە، چونکە ئێستا زیاتر لە 400 هەزار کەس لەو ناوچانە دەژین کە لەلایەن حکومەت، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و داعش گەمارۆیان خراوەتە سەر و خەڵکی ئەو ناوچانە رووبەڕووی سەختی و ناخۆشییەکی زۆر بوونەتەوەو پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە.

ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیەش لە کاتێکدایە کە دوابەدوای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی سووریا، رۆژی سێشەممە 16-2-2016 کاروانێکی دیکەی هاوکارییە مرۆییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە بەرەو ناوچەکانی دەورووبەری بەڕێکەوتن.

بەگەیاندی ئەم کاروانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکانی سووریا، ژمارەی کاروانەکانی هاوکارییە مرۆییەکانی ناو سووریا تا ئێستا گەیشتوونەتە 3 کاروان کە دوانیان لە سەرەتای ساڵی 2016 بوونە.











رووداو
Top