ئۆباما : سەرۆکایەتی بریتی نییە لە میوانداریکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان نمایشکردنێک، بریتی نییە لە بازرگانی و بازاڕکردن

 ئۆباما : سەرۆکایەتی بریتی نییە لە میوانداریکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان نمایشکردنێک، بریتی نییە لە بازرگانی و بازاڕکردن
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆنەڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا نابێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، چونکە سەرۆکایەتییکردن کارێکی جدییە.

دوێنێ سێشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠١٦، باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە لوتکەی ئابووری ئاسیان (Asean) لە کالیفۆرنیا وتی "لەو باوەڕەدام کە ترەمپ نابێتە سەرۆک چونکە متمانەیەکی زۆرم بە خەڵکی ئەمریکا هەیە."

ئۆباما وتیشی "سەرۆکایەتی بریتی نییە لە میوانداریکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یان نمایشکردنێک، بریتی نییە لە بازرگانی و بازاڕکردن، بەڵکو سەختە. هەروەها سەرۆکایەتییکردن بریتی نییە لەوەی هەموو کارێک بکەیت تاوەکو لە ڕۆژێکدا چیت بوێت بەدەستبهێنیت."

هاوکات لە وەڵامدا ترەمپ وتی، "ڕەخنەگرتن لەلایەن سەرۆکێک کە زیانێکی زۆری بە وڵات گەیاندووە وەکو ستایش وایە بۆ من."

دۆنەڵد ترەمپ لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٤٦ لە نیویۆرک لەدایکبووە. ناوبراو گەورە بازرگانێکی جیهانییە و نوسەرە. لە ئێستادا کاندیدی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

هاوکات لە بەردەوامی زنجیرە هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتەکاندا بۆ دیاریکردنی بەهێزترین کاندید، تا ئێستا ترەمپ لە یەکێک لە ویلایەتەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هەڵبژاردنی داهاتووش لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور دەبێت.

ئۆباما لە ٦ی ئابی ساڵی ١٩٦١دا لەدایک بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩وە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتەکان بووەتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆتایی ئەمساڵیش ماوەکەی تەواو دەبێت.
Top